کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتی خوێندكاران سیمینارێكیان لەژێر ناوی \" گوتاری نەتەوەیی، ئەحزاب و رووناكبیران\" بەڕێوە برد

13:44 - 12 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، سمینارێكی یەك رۆژەیان بەڕێوە برد و كۆمەڵێك لە رووناكبیران و نووسەرانی كورد تێیدا بەشدار بوون.
بە پێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی 11ی سەرماوەز، سمیناری گوتاری نەتەوەیی، ئەحزاب و رووناكبیران بەئامادە بوونی كۆمەڵێك كەسایەتی ئاكادمیك و سیاسی بە راگرتنی یەك خولەك بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دەستی پێكرد.
سمینارەكە لە دوو پانێل سەرەكی پێكهات بوو. كۆڕگیڕانی پانێلی یەكەم بریتین بوون لە: جەلیل ئازادیخواز، نووسەر و چالاكی سیاسی پەرویز رەحیم قادر، مامۆستای زانكۆ و لێكۆڵەر و هەروەها ئەبوو كەریمی، خوێندكاری دۆكتۆرای مێژوو و چالاكی سیاسی .
سەرەتا، جەلیل ئازادیخواز باسێكی لە سەر خەسارناسیەك لە سەر نەبوونی یەكگرتوویی لە نێوان حیزبەكوردییەكان وێڕای هەبوونی گوتارێكی هاوبەش لە نێوانیاندا پێشكەش كرد.
ئازایخواز بوونی یەكگرتوویی و یەكدەنگی لە نێوان حیزبە كوردییەكانی بە پێویستیەكی هەنووكەیی بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران زانی و لێبوردەیی و بە هێزكردنی گوتاری نەتەوەیی لە نێو حیزبەكاندا بە خاڵی یەك خستنی ماڵی كورد لەم بەشەی كوردستان پێناسە كرد.

پاشان پەرویز رەحیم قادر پێناسەی حیزبی سیاسی و ئاخێزگەی سەرهەڵدانی لە سۆنگەی چوار تیورییەوە كرد و هەروەها جەختی لە سەر گرنگی پێناسەیەكی سەردەمیانە لە شوناس و داڕشتنەوەی پێكهاتەی حیزبەكان و بە ئەمڕۆیی كردنی شێوازەكانی خەباتی لە نێو كۆمەڵگای كوردستاندا كرد.

لەبەشێكی دیكەی ئەو پانێلەدا ئەبوو كەریمی، باسی لە دەوری گوتاری نەتەوەیی كوردی لە چوارچێوەی سیاسی ئێراندا كرد. ناوبراو لە قسەكانی باسی لەوە كرد كە حیزبێكی سیاسی كوردی لە ئێراندا دەبێتكار لە سەر واقعی سیاسی بكات و رێگا چارەی دیاریكردنی چارەنووس و دابین بوونی مافەكانی نەتەوەی كوردی لە ئێران بە بە هێزكردنی هاوپەیمانی لە نێوان نەتەوەكانی ئێراندا زانی و باسی لە پێشەنگایەتی و دەوری سەرەكی ئەحزابی كوردی لەم بوارەدا كرد.
دوا ی تەواو بوونی باسەكان بەشداربووان را و تێبینیەكانی خۆیان پێشكەش بە كۆڕگێڕان كرد.
پانێلی دووهەمی سیمنارەكە كە كاتژمێر 2:30ی پاش نێوەڕۆ دەستی پێكرد و كۆڕ گێڕان بریتی بوون لە: بێهزاد خۆشحاڵی، نووسەر و لێكۆڵەر، دكتور فەریدوون رەحمانی، مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین و دكتورای كۆمەڵناسی و هەروەها مەسعوود بابایی وەرگێڕ و لێكۆڵەر.
بێهزاد خۆشحاڵی لە باسەكەیدا رووناكبیرانی بە دوو دەستەی واقیعگرا و ئایدیالیست دابەش كرد و وتی: رووناكبیری واقعگرا لە حیزب نزیكە ومۆدیرییەتی كۆمەڵگا دەكات بەڵام رووناكبیری ئارمانگرا لە دەرەوەی حیزبە و رێبەری كۆمەڵگا دەكات. بێهزادی خۆشحاڵی هەروەها تیشكی خستەر سەر بە هێز كردنی ئامووزش لە نێو حیزبە كوردییەكان و بە هێز كردنی تعاملی زیاتر لە نێوان ئەحزاب و رووناكبیراندا.
دواتر فەریدوون رەحمانی، بە ئاماژە بە نوێترین تیورییەكانی سوێل، بیرمەند و رووناكبیری بە ناوبانگی ئامریكایی لە مەڕ پێوەندی نێوان رووناكبیر و كۆمەڵگا، رووناكبیرانی لە هێندێك قۆناغی زەمەنی لە رەوتی مێژوودا بە یارمەتیدەرانی دیكتاتۆران زانی. ناوبراو هەروەها باسی لە سەر چەن خاڵێك كە رووناكبیرانی كورد دەبێت رەچاو بكەن و خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بن كرد.
پاشان مەسعوود بابایی، باسێكی لە سەر پێوەندی نێوان رووناكبیران و ئەحزاب كرد. مەسعوود بابایی باسی لەوە كرد كە دەبێت جیاوازی و سنوورێك هەبێت لە نێوان رووناكبیران و ئەندامانی حیزبی و ئەركەكانیان و باسی لەوە كرد كە ئەگەر رووناكبیرێك خۆی لە نێو چوارچێوەی تەشكیلاتی حیزبێكدا قەتیس بكاتەوە ئەوە ئیدی بەپرسیایەتی بە ناو رووناكبیرێك لە دەست دەدات.