کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكيەتیى پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە

10:08 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەكيەتیى پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە گرتن و زیندانیکردنی مامۆستايانى قوتابخانەکان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هەروەک ئاگادارين دۆخی مامۆستايان له ژير دەسەڵاتى ڕەشى ڕێژیمی  ئیسلامى ئێران، چ له بوارى پيشەيي و چ له بوارى ئازادیی بەيان له قوتابخانەكاندا زۆر خراپە و لەگەڵ وڵاتانى پێشكەوتوو بەراورد ناکرێت.

 مامۆستایان کە خۆیان بە خەمخۆری خەڵک و قوتابیيان دەزانن، سەبارەت بەو دۆخە هەستی خۆیان بە مانگرتن و کۆبوونەوە دەردەبڕن و داوا دەکەن ڕێژیم دۆخی مامۆستايان  و قوتابخانەکان باشتر بکات.

مامۆستایان، داوا دەکەن بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ بەڕێوبردنی ئەرکی قوتابخانەکان خۆيان بڕياردەر بن.

داوا دەکەن بۆ تەرخانكردنى بوودجە، جیاوازی لە نێوان په روەردە و بارهێنان لەگەڵ ئۆرگانێكى وەک سپای تێرۆریستی پاسداران دانەنرێت.

بۆچی بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران هەموو بوودجەیەک دابین دەکرێت، بەڵام بۆ قوتابخانەکان هیچ بوودجەیەک دابین ناکرێت و هەروەها مووچەى پاسدارێكى تێرۆريست چەندین بەرانبەری مووچەی مامۆستایەکی قوتابخانەیە.

سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆرە، بەداخەوە لەو ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو مامۆستایانەی کە بۆ وەدیهێنانی مافه پيشەییيەكانيان مانیان گرتبوو، لە لایەن ڕێژیمەوە زیندانی کراون و کەس نازانێت لە چ شوینێکدا زیندانین؟

 یەكيەتىی پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئیران گرتن، ڕاودوونان، زیندانیکردن و ئەشکەنجەی  مامۆستایان بەتايبەت مامۆستايانى كورد بە توندی ئیدانە دەکات و داوا لە گشت مامۆستايان زانكۆ و قوتابخانەكان دەکات، پاڵپشتی ئەو مامۆستا پێشڕەو و ئازاديخوازانه بن کە ئیستا به هۆى داكۆكیكردن له مافه ڕەواكانى مامۆستايان لە زیندان دەسبەسەر كراون. بە مانگرتنی گشتی، ڕێژیم ئيسلامى ئێران بخەنە فشارەوە بۆ ئەوەی کە ئەو مامۆستایانە هەرچی زووتر ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان.

هەروەها داوا لە گشت مامۆستايان دەکەین بە سەردان لە بنەماڵەی ئەو مامۆستایانە، پاڵپشتیی خۆیان نیشان بدەن كه ئێمەش هاوهەڵويستیی و دەنگى ناڕەزايەتیی خۆمان له هەمبەر گرتن و زيندانیكردنى مامۆستايان كورد و نەتەوەكانى ديكەى ئێران هەڵدەبڕين.

یەكيەتیى پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

۲۹ی بانەمەڕی ۲۷۱۹ی کوردی