کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكەمین كۆنفڕانسی عەلەوییەكانی دژبەری ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە بەڕێوە چوو

15:41 - 2 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٤ یەكەمین كۆنفڕانسی عەلەوییەكانی دژبەری ڕێژیمی بەشار ئەسەد بەڕێوە چوو. لەو كۆنفڕانسەدا لە لایەن ڕێبەرانی عەلەوییەكان، بە شێوەی فەرمی دامەزراندنی یەكەمین ڕێكخراوی سیاسی عەلەوییەكانی سووریە بە ناوی دواڕۆژی سووریە (غد سوریا) ڕاگەیەندرا.

بە پێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاو بوونەتەوە، بەڕێوەبەرانی ئەو كۆنفڕانسە ڕایانگەیاندووە كە ئەوە یەكەمین ناوەندی سیاسی دژبەرانی ئەسەدە كە بە شێوەی فەرمی نوێنەرایەتی عەلەوییەكانی سووریە دەكات و هاوكات كار لەسەر كۆكردنەوە و ڕێكخستنی عەلەوییەكانی سووریە بە مەبەستی بەشدار بوون لە گۆڕانكارییەكانی سووریە و دواڕۆژی ئەو وڵاته‌دەكات.

سیاسییە ناسراوه‌كانی نێو ئەو ڕێكخراوەیە ڕایانگەیاند كە، ئەوان دەتوانن شان بە شانی هێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن، لە داهاتووی سووریه‌دا ڕۆڵ ببینن و هەر لە ڕۆژی یەكەمی دەستپێكردنی شەڕ و ئاژاوە لە وڵاتی سوورییەدا، ئێمە هەوڵمانداوە داهاتووی عەلەوییەكانی سووریە لە داهاتووی بەشار ئەسەد جیا بكەینەوە كە هەتا ئێستا، دەستی بە خوێنی ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی سووری سوورە.

نووسەری بەناوبانگی سووری فوئاد حەمیرە كه‌عه‌له‌وییه‌كی دژبه‌ری ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌ده‌ وەك سەرۆكی ڕێكخراوی دواڕۆژی سووریە هەڵبژێردراوە. ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوو لە عەلەوییەكانی سووریە دەكات و دەڵێت: ئەوەی كە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بانگەشەی بۆ دەكات و دەڵێت دووای دەسەڵاتی ئەسەد تەواوی عەلەوییەكانی سووریە كۆمەڵكوژ دەكرێن، ڕاست نییە و هیچ دژبەرێكی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لەگەڵ كومەڵكوژی عەلەوییەكان نییە و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد، زیاتر بە قازانجی عەلەوییەكانە.