کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كێ لە ڕووناکی دەترسێ؟

13:23 - 13 پووشپەڕ 2722

سندووس

بە سەرنجدان بەم ڕاستییەی کە دیکتاتۆرەکان لە هەر وڵاتێکدا لەسەر کورسی دەسەڵات بن، ئەوەندەیان کاری قێزەونانە و هێڵنجهێن ئەنجام داوە، لە هەر کڵاوڕۆژنەیەک ترسیان هەیە کە ڕووناکی بخاتە سەر ژیانی خۆیان و دەست و پێوەندەکانیان، هەربۆیە بەشێوەی لێبڕاوانە بەگژ ئەم کڵاوڕۆژنانەدا دەچنەوە و تێدەکۆشن بەهەر شێوەیەک بێ نەهێڵن، حەقیقەتی ژیان و ڕەفتارەکانیان دەرکەوێ. شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە خۆیان و بە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتیان، لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی سیستمە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانە.

کۆماری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شوورەیی خۆیدا هەمیشە هەوڵی داوە ڕاستی ڕووداوەکان بشێوێنێ و بەپێچەوانەیان نیشان بدات، بۆ شێواندنی ڕووداوەکانیش دەبێ ئەو دەنگانەی ڕووناکی دەخەنە سەر ڕەفتارەکانیان بخنکێنن و ڕۆژنامەکان دابخەن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش کپ و بێدەنگ بکەن.

 لەبیرمانە تا چەند ساڵ لەمەوبەر و لە پێش پەیدابوونی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دوژمنایەتی سەرسەختی ڕۆژنامە و دەنگە جیابیرەکانیان دەکرد و ئێستاش چاویان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵنایە و بە لەقاودەری پیلانە چەپەڵ و ڕەفتارە گەندەڵ و سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەرەکانیانی دەزانن.

٢٢ ساڵ لەمەوبەر و لە یەکەمی بانەمەڕی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییدا دەیان هەزار کەسیان لە قوڵەچۆماغ و بەکرێگیراوانی خۆیان لە "مەسەلا"ی تاران کۆکردەوە تا خامنەیی فەرمانی بەستن و داخستنی ڕۆژنامەکان دەربکات بەڵام ترسی دواڕۆژی داخستنی دەیان ڕۆژنامە ئەوانی نیگەران کردبوو، بۆیە پێویستییان بە پشتیوانی بە ناو جەماوەر هەبوو و بەپەلە بەکرێگیراوەکانیان لە سەرانسەری ئێرانڕا ڕاکێشی تاران کرد، دیارە لەبەر پەلەپەل هۆشیان بەسەر چۆنییەتی مۆڵدانی ئەو هەموو حەشیمەتەوە نەبوو کە پێویستیان بە جێبەجێکردن و شوێنی مۆڵدان هەیە! لەبەر کەمی جێ، بەشێک لەو بەسیج - قوتابییانە لە ژێر لاقاندا بوونە تڵیت و تلویزیۆن و ڕاگەیەنەرەکانی نیزامیش ناوی شەهیدی چاوپێکەوتنی "ویلایەت"یان لەسەر دانان. لە وتاربێژییەکی خامنەییدا دەیان مرۆڤ کوژران و دەیان ڕۆژنامەش داخران!

خامنەیی دوای ٢٢ ساڵ و لە ڕۆژی سێ‌شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕوو لە دەزگای دادی کۆماریی ئاخوندی و بەرپرسانی ئەم بێدادگایە وتی: "تا دوێنێ ڕۆژنامەکان بوون کە ئاژاوەیان دەگێڕا، ئێستا فەزای مەجازیش زیاد بووە کە خەڵک نیگەران دەکەن، زەینی خەڵک دەشێوێنن. یەکێک لە ئەرکەکانی دەزگای داد بەگژداچوونەوەی ئەم کێشانەیە. ئەگەر دەڵێن یاسامان نییە، دەکرێ لە یاسای بەردەست کەڵک وەربگیرن، یان یاسا چێ‌بکەن.

لەم ٢٢ ساڵەدا کارنامەی ڕێژیم ڕەش و ڕەشتر بووە، ئاستی زانیاریی کۆمەڵگا زۆر هەڵکشاوە. داخستنی لەگۆترەی ڕۆژنامەکان نەتەنیا هەڵە، دزی، گەندەڵی، چەواشەکاریی و بێتواناییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەشاردۆتەوە بەڵکوو ناڕەزایەتی جەماوەری وەزاڵەهاتوو لە چنگ بێکیفایەتی ئەم باندە مافیاییە ڕۆژبەڕۆژ ئازایانە پەرەی ستاندووە.

خامنەیی بە ئاماژەپێکردن بە ڕووداوەکانی ساڵی ٦٠ی هەتاوی کە بوو بەهۆی ئەوەی هەزاران کەس لە ئێران ئێعدام بکرێن و کەشی تۆقێنەر لە دەیەی  ٦٠ پێک بێت، دەڵێ: ''خودای ساڵی ٦٠ هەمان خودای ئەمساڵە."

خامنەیی دەمێکە ترس لە فەزای مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هەموو ژیانی تەنیوە. چاک دەزانێ ئەم تۆڕانە بەپەلە هەواڵی گەندڵی، درۆ، بێکیفایەتی، ماڵوێرانی و گشت ئەو بەڵایانە بڵاودەکەنەوە کە ئاکامی دەسەڵاتە نگریسەکەی خۆیەتی و تیشک دەخەنە سەر ئەو بابەتانەی کۆماریی ئاخوندی نایهەوێ بەهیچ شێوەیەک بدرکێن!

ئاغای خامنەیی!

ئێستا لەگەڵ سەرەتاکانی دەیەی شەست جیاوازی زۆرە، ئەوکات ئێوە تازە ببوونە سەرکۆمار و شەش ساڵ دواتر خومەینی ئیمامت پێی وتی تۆ لە وەلی فەقیە چ‌ دەزانی و سەرشۆڕانە بۆ داوای لێبوردن ناردییەوە نوێژی هەینی تاران، تا پێیان ڕابگەیەنێ منیش شوێنکەوتەیەکی بچووکی ئیمامم و نابێ دەخاڵەت لە بڕیارەکانی وەلی فەقیەدا بکەم! ئەوکات ئێوە زۆر بچووک بوون و لە کاتی کێشەیەکی بچووکدا هاناتان بۆ هاشمی دەبرد و لێی‌دەپاڕانەوە پشتتان بەرنەدات! تازە دەستتان بە کوشتوبڕ و قەڵاچۆی جیابیران کردبوو و لە هەوڵی جێبەجێکردنی فتوای خومەینی بۆ سەر کوردستاندا بوون. نە ڕۆژنامەیەکی ئازادی سەرانسەری بوونی هەبوو، نە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەدایک ببوو تا ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکانی ئێوە بێت کە چیتان کرد و چ بەڵایەکتان بەسەر کۆمەڵانی خەڵک هێنا! چاک بزانە تۆش بەدەردی دیکتاتۆرەکانی‌تر چوویە، زەمەن و کاتت لێ‌تێکچووە و لە بەر چاوت هەموو شتەکان بە نەگۆڕی دەمێننەوە و خۆشت وەکوو ڕێبەری پۆلێک ئاخوندی کاڵفام و قوڵەچۆماغی نەزان، ئەسپی خۆت لینگ دەدەی! دونیا بە چرکە دەگۆڕێ و هیچ دەسەڵات و هێزێکی هاری نیزامی و هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێ خۆی لە بەرامبەریدا ڕابگرێ. چیتریش لەهەمبەر ڕووناکیدا خۆت زەلیل مەکە چوونکە بەڕاستی ناتوانی پێشی بگری، چاک بزانە هەڕەشەکانت ڕێ بە هیچ جێیەک نابەن چوونکە کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی بن دەسەڵاتەکەت بوێرتر لەوەن بیری لێ‌دەکەیەوە! بەڕاستی سەردەمت بەسەر چووە و دەبێ بڕۆیە ناو زبڵدانی مێژووەوە ئاغای خامنەیی!