
۶۱ ئابووریناس لە ئێران لەبابەت سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران کە بەناو سیاسەتی "چاکسازی و گۆڕانی ئابووریـ"ـیە نامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و لەبابەت لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتانە هۆشدارییان داوە.
لەو نامەیەدا ئەو ئابووریناسانە هۆشدارییان بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم داوە و وتوویانە کە دۆخی ئێران وێرانە و سیاسەتە هەنووکەییەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی، ئێران بەرەو وێرانیی زیاتر دەبات.
ئەوان وتوویانە کە ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت، خەڵک و دەسەڵات بەرەوڕووی یەکتر دەکاتەوە و ئەو دۆخە دەتوانێت تێچووی زۆر و لێکەوتەی خراپی لێ بکەوێتەوە.
ئەو ئابووریناسانه هەروەها باسیان لەوە کردووە کە ناسەقامگیریی ئابووری و بەڕێوەبردنی سیاسەتگەلی هەڵەی بەناو "چاکسازی و گۆڕانی ئابووری"، تێچووی خراپی زۆری هەبووە، بێ ئەوەی هەیئەتی دەوڵەت بیر لە لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتانە بکاتەوە.
ئەوان هەروەها ڕەخنەیان گرتووە و وتوویانە کە لە دەرکردنی بڕیاراتی لەو چەشنە هیچ پرسێک بە خەڵک نەکراوە و بڕیارەکان بە پێچەوانەی ڕەوشی خەڵک دراون.