کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بازاڕی گازی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای لەدەست داوە

16:56 - 4 رێبەندان 2720

"ڕۆستەم قاسمی" وەزیری پێشووی نەوتی ئێران وتوویەتی ئەگەر بەپێی بەرنامە کارمان کردبا ئێمە دەمانتوانی ڕۆژانە ١.٣ میلیارد میتری سێ جا گاز بەرهەم بێنین.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، ئێران لە ئاستی جیهاندا پلەی دووهەمی بۆ بەرهەمهێنانی گاز هەیە بەڵام تەنیا ٢ لەسەد گاز هەناردە دەکەین.

بەهۆی ئەویکە مەیدانەکانی گازی "پارسی باشوور" و چەندین پرۆژەی دیکە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ نەکران، زیانێکی قەرەبوونەکراومان پێ گەیشتووە.

بەپێی قسەکانی ناوبراو ساڵی ٩٢ی هەتاوی پرۆژەی هەناردەکردنی گاز بۆ "پاکستان" کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام بەهۆی ئەوەیکە لە کاتی خۆیدا ئەو پرۆژەیە تەواو نەبوو بازاڕەکانی "ڕۆژهەڵاتی ئاسیا" لە دەستی ئێمەدا نەما.

هاوکات بەهۆی تەواونەکردنی ئەو پرۆژەیە ڕێژیمی ئێران بازاڕی "هیندوستانـ"ـی لەدەست دا.

"ڕۆستەمی" باسی لەوەش کردووە هەناردەکردنی گاز لە ئێران بۆ "کوەیت و عەمانـ"ـیش بەهۆی هەندێک کێشە هەڵوەشایەوە.

مەیدانی گازیی "پارسی باشوور" کە بە گەورەترین مەیدانی گازیی جیهان بە ئەژمار دێت و پێشتر شیرکەتی فەرانسەوی "تۆتاڵ" کاری لەو مەیدانەدا کردووە، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە لەو مەیدانە گازییە کشاوە.

دوای "تۆتاڵ" دەوڵەتی "چین" کاری لەو مەیدانە گازییە دەست پێکرد بەڵام  دوای ڕاگرتنی کاری سەرمایەگوزاریی چین لەو مەیدانه گازییه زەربەیەکی قورس به ئابووریی ڕێژیمی ئێران گەیشت.