کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆ مامەڵەی کاڵا بە کاڵا، پەنای بۆ "مەغولستانـ"ـیش بردووە

17:58 - 21 سەرماوەز 2721

بە گوێرەی هەواڵێک کە یەکێک لە ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی ئێران و چین وتوویەتی، مە‌غولستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کە بەرهەمی "خوری" بەپێی مێکانیزمەکانی مامەڵەی کاڵا بە کاڵا بۆ ئێران هەناردە بکات.

بەپێی ڕاوێژێک کە بەرپرسانی هەر دوو لا ئەنجامیان داوە، بڕیار دراوە "مەغولستان" هەزار تۆن بەرهەمی "خوری" بەپێی مامەڵەی کاڵا بە کاڵا بۆ ئێران هەناردە بکات.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و پشتیوانی لە تێرۆریزم، کەوتووەتە پەراوێزەوە و گەمارۆی ئابووریی لەسەر دانراوە، هەر بۆیە دەیهەوێت لە ڕێگای مامەڵەی کاڵا بە کاڵا، سەروەت و دارایی ئێران لە بەرامبەر شتومەک و خزمەتگوزاریی بێ کوالێتی، هەڕاج بکات.

ڕێژیمی ئێران پێشتریش لە کردەوەیەکی هاوشێوەدا گرێبەستی گەورەی ئابووریی لەگەڵ چەندین وڵات واژۆ کردبوو و لە بەرامبەردا کۆمەڵێک کاڵای بێ کوالێتیی وەکوو برنج و ڕۆن و هەندێک بەرهەمی دیکەی خستبووە بازاڕەکانەوە.