کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆ نێوبژیوانی لە عێراق دەپاڕێتەوە

11:56 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، داوا لە عێراق دەکات لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی ڕێژیمی ئێران و ئامریکا نێوبژیوانی بکات.

ڕێژیمی ئێران، پاش گەڕانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە و نەمانەوەی ڕێکاری کاریگەر، بۆ دەربازبوون لە کێشەکان و لێکەوتەکانی، ڕووی هێناوەتە پاڕانەوە لە وڵاتانی دراوسێ بۆ نێوبژیوانیکردن سەبارەت بە کێشەکانی ئەو دوو وڵاتە.

"محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، لە سەفەری خۆیدا بۆ عێراق، داوای لەو وڵاتە کردووە، کە بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوان ئێران و ئامریکا نێوبژیوانی بکات.

هاوکات، سەرۆک پارلەمانی عێراق، باسی لە ئامادەییی وڵاتی عێراق بۆ نێوبژیوانیی نێوان ئامریکا و ئێران کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە هەواڵدەریی "ئاسۆشێتد پرێس"، تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی عێراق، ئەو قسانەی سەرۆک پارلەمانی ئەو وڵاتەی لە کاتێکدا بڵاو کردەوە، کە "محەممەدجەواد زەریف"، بۆ سەفەرێکی دوو ڕۆژە و بە مەبەستی، دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، گەیشتبووە ئەو وڵاتە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە چەند ڕۆژ پێش ئێستاش، عێراق ئامادەییی خۆی بۆ نێوبژیوانیی کێشەکانی ئەو دوو وڵاتە دەربڕیبوو و لە بەرانبەردا خەڵکی شارەکانی عێراق، بەتایبەت لایەنگرانی "موقتەدا سەدر"، داوایان کردبوو کە وڵاتی عێراق لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان ئامریکا و ئێراندا بێلایەن بمێنێتەوە.