کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران: بە بەرجام پێبەند نامێنین

14:04 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە بە بەڵێنییەکانی بەرجام سەبارەت بە پیتاندنی ئورانیۆم و نەبەزاندنی سنووری ٣.٦٧ لەسەدی، پێبەند نابن.

"عەلی ڕەبیعی"، وتەبێژی ڕێژیم، ئەمڕۆ ١٦ی پووشپەڕ، لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ لە ڕێژەی ٣.٦٧ لەسەدیی پیتاندنی ئورانیۆم تێپەڕ دەبین و ڕێژەی خەستیی، بەپێی پێویستیمان دەبێت".

هەر لەو دانیشتنەدا، "عەباس عەراقچی"، جێگری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "لە هەنگاوی دووەمدا، بەنیسبەت بەڵێنییەکانمان سەبارەت بە ڕێژە و خەستیی پیتاندن، پێبەندنەبوونی خۆمان ڕادەگەیەنین".

"عەراقچی"، هەروەها ڕایگەیاندووە کە "محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە نامەیەکدا ئەو بابەتە بە "فێدێریکا مۆگرینی"، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئۆرووپا، ڕادەگەیەنێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەگەری هەیە کەمکردنەوەی بەڵێنییەکان ببێتە هۆی کۆتاییپێهێنان بە مانەوەی ئێمە لە بەرجامدا".

هەر لەو دانیشتنەدا، "بێهرووز کەماڵوەندی"، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیم وتوویەتی: "ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، پاش هەڵسەنگاندنی ئاژانسی وزەی ناوکی، لە ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، دەردەکەوێت کە پیتاندنی ئورانیۆمی ئێران، لە ٣.٦٧ لەسەد، زیاتر بووەتەوە".

ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتای پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجام، ئەو ڕێککەوتننامەیەی پێشێل کردووە، بەڵام نکۆڵیی لەو بابەتە دەکرد، کەچی ئێستا بەرپرسانی خودی ئەو ڕێژیمە، باس لە ئەگەری هاتنە دەرەوە لە بەرجام دەکەن و ئاستی پیتاندنیان لە ڕێژەی دیاریکراو تێپەڕاندووە.