کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە تاقیکردنەوەی مووشەک، بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە

14:55 - 22 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایدەگەیەنێت، ڕێژیمی ئێران بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمەڕ تاقیکاریی بەشی چەک‏وچۆڵە قورسەکانی پێشێل کردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسێکی ئامریکایی لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێندا، ڕایگەیاندووە کە تاقیکاریی مووشەکی عیماد لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بڕیارنامەی شورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشێل دەکات.

ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی مانگی ڕەزبەر،مووشەکێکی بالستیک بەناوی عیمادی بە مەودای ١٧٠٠ کیلۆمەتری تاقیکردەوە، کە بەرپرسانی ڕێژیم لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە سەرکەوتنی ئەو تاقیکارییە دەکەن.

بەپێی بڕیارنامەی ١٩٢١، شورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی بالستیک کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی هەبێتی نیە و وڵاتانی دیکەش دەبێت لە فرۆشتنی کەلوپەلی نیزامی و پارچەکانی چەک‏وچۆڵ بە ئێران خۆ بپارێزن.

حسەین دێهقان، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو سەبارەت بە تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێی ئێران گوتی: تاقیکردنەوەی مووشەکی دوور هاوێژی عیماد لە بەرەی نوێی مووشەکەکانی زەوی بۆ زەوی ئێران، بەسەرکەوتوویی بەڕێوە چوون.

هەر لەم پەیوەندیەدا، عەلی ڕەزا تەنگسیری بەڕێوەبەری هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانی ڕێبەری ڕێژیم سەبارەت بە چاوترسێن کردنی دوژمن لە بەرەی باشووردا، بەرنامەی زۆرترمان بەدەستەوەیە و هەروەها ئاماژەی بە چالاکیی خۆکوژانەش کرد.

ئەم بەڕێوەبەرەی سپا لە درێژەدا گوتی: یەکێک لە لایەنە گرینگەکانی ئەم ستراتیژییە ئەوەیە کە دەتوانین بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و دۆستەکانی لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان تێک بشکێنین و بە شێوەی چالاکیی خۆکوژیش دەتوانین جێبەجێیان بکەین.
تەنگسیری ڕایدەگەیەنێت: هێزی زۆرمان لە بنکە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم‏دا هەیە کە ئامادەیی خۆیان بۆ هەرچەشنە خۆکوژییەک بە مەبەستی لەناو بردنی ئامریکا دەربڕیوە.

ڕێکخستن و ناردنی ئەو کەسانە کە بۆ چالاکیی خۆکوژی ئامادەن تا ماوەیەک پێش ئێستا بە ئاشکرایی بانگەشەی بۆ دەکرا و لەم پەیوەندییەدا لە ٢٣ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی‏دا، ڕێوڕەسمێک لەژێر ناوی مەراسم استشهادیونبەڕێوە چوو کە نزیک بە ١٠٠٠ کەس بۆ چالاکیی خۆکوژی ناویان تۆمار کرد.
بە وتەی محەممەد عەلی سەمەدی، وتەبێژی بنکەی شوهەدای بزوتنەوەی جیهانی ئیسلام و بەسیجی خوێندکاری، لە سەرتاسەری ئێراندا ٥٠هەزار کەس بۆ چالاکیی خۆکوژی، ناویان تۆمار کردووە.

هەڕەشەی شەڕ لە لایەن بەرپرسانی پایەبەرزی سیاسی و نیزامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، شرۆڤەی زۆری لەسەر کراوە، ئەم باسە وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە.