کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ حووسییەکان درێژە بە ناکۆکییەکان لە ناوچەکە دەدات

13:36 - 8 گەلاوێژ 2720

نوێنەری هەمیشەیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بەرانبەر بە ناردنی بارێکی دیکەی چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسییەکان وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران ناکۆکییەکان و تێکەڵچوونەکان لە یەمەن پەرە پێدەدات.

"کێلی کرێفت" نوینەری هەمیشەیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ، لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی کە مانگێک لەوە پێش هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، بەلەمێکیان لە نزیکی کەناراوەکانی "یەمەنـ"ـدا ڕاگرتووە کە چەکوچۆڵی ئێرانیی دەبرد بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە باری ئەو بەلەمە چەکوچۆڵی ئێرانی لەوانە: "مووشەکی زەوی بە هەوا، مووشەکی دژە تانک و زەوینی" و چەکگەلی پێشکەوتووی دیکە بۆ حووسییەکان بووە وتوویەتی: "هەوڵی ئێران بۆ چەکدارکردنی حووسییەکان تەنیا درێژە بە ناکۆکی و تێکەڵچوونەکان دەدات".

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە حووسییەکانی یەمەن دەکات، هاوکات ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران، لەوانە پشتیوانیی ماڵی و چەکوچۆڵی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، حیزبوڵڵای لوبنان، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت.