کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەنیسبەت ئازادیی ئێنتێرنێتەوە لە خوارترین ئاستی جیهاندایە

10:36 - 23 رەزبەر 2720

"ماڵی ئازادی" یان "فریدۆم هاوس" کە ڕێکخراوەیەکی جیهانییە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بەنیسبەت ئازادیی ئینتێرنێتەوە، ئێرانی وەک یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی جیهان بە کەمترین ئازادیی ئێنتێرنێتەوە ناو لێ بردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر "ماڵی ئازادی" ڕاپۆرتی خۆی بەنیسبەت ئازادیی ئینتێرنێت بڵاو کردووەتەوە و لەودا هاتووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان هێڵی ئینتێرنێت دەپچڕێنێت و ئێرانی لەو ڕوانگەوە وەک خراپترین وڵات لە ئاستی جیهاندا ناو لێ بردووە.

"ماڵی ئازادی" بڵاوی کردووەتەوە: "ڕێژیمی ئێران بە بیانووی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، زیاتر لە جاران ئێنتێرنێت سانسۆر و کۆنترۆڵ دەکات".

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە مانگی پووشپەڕ کراوە کە کاتێک ملیۆنان کەس لە ئێران بە هەشتەگی "ئێعدام مەکەن" خوازیار بوون کە سێ کەس لە خۆپیشاندەران ئێعدام نەکەن لەو کاتەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هێڵی ئینتێرنێتی پچڕاند.