کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئامریکا و ئیسرائیل کرد

17:41 - 2 رەزبەر 2721

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی حەوتووی ناسراو بە "دفاع مقدس" لە ئێران، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هەڕەشەکانی دژی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەیانییەیەکیشدا هەڕەشەکانی دژی ئامریکا و ئیسرائیل دووپات کردوەتەوە و ئیدعای کردووە: "بەم زووانە شایەتی دەرکردنی ئامریکا لە ناوچەکە و نەشتەرگەریی لووی شێرپەنجەی ئیسرائیل لە جوغرافیای ئیسلام دەبین".

سپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە میدیاکانی ڕۆژاوا لە ڕێگای "پرۆپاگەندای میدیایی" شەڕی نێوان ئێران و "عێراقـ"ـیان دەخستە ئەستۆی"سەدام حوسێن" بەڵام "شەڕێکی تەواو عەیاری جیهانی" بوو بۆ ئەوەی "شۆڕشی ئیسلامی" لەنێو ببەن.

ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە شەڕی ٨ ساڵەی بە "دەرفەتی گەشە" وەسف کردووە و لە حاڵێکدا ئەو شەڕه بە "دەرفەتی گەشە" پێناسە دەکات کە لە ماوەی ٨ ساڵی ئەو شەڕەدا ٢٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٣٣ هەزار منداڵی سەرباز بوونە قوربانیی سیاسەتی خومەینی.

چەند ڕۆژ پێش "ئەمیر عەلی حاجی زادە" فەرماندەی هێزی هەوا فەزا بە کاناڵی هەواڵدەریی "ئەلمەسیرە"ی وتبوو لە داوی کوژرانی قاسم سلێمانی بەڵێنیمان داوە ئامریکا لە ناوچەکە وەدەرنێین.

ناوبراو لە درێژەدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردبوو و وتبووی ئیسرائیل دەبێ بارگە و بنەی بپێچێتەوە و لە ئامریکا، ئاسکاڵا یان ئورووپا بە دوای ناوچەیەک بۆ ژیانکردن بگەڕێت.