کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران جمەی دێت لە ناڕەزایەتییەکان

12:57 - 14 جۆزەردان 2720

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگاکانی ''خووزستان و کەهیگیلویە و بویر ئەحمەد" کرێکاران، پەرستاران و مامۆستایان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی جۆزەردان، کرێکارانی شارەداریی ''کووت عەبدوڵڵا'' لە بەردەم بینای پارێزگاری خووزستان لە هەمبەر مووچە و حەقدەستی هەڵپەسێردراویان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

 هەروەها کۆمەڵێک لە مامۆستایانی "نێهزەتی سەواد ئامووزی" لە بەردەم باڵەخانەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای خووزستان، لەهەمبەر نەدانی ٢ ساڵ مووچەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەر لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا کۆمەڵێک لە پەرستارانی شاری ''یاسووج'' ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی سێ مانگی مەترسی کۆرۆنادا و سەرەڕای نەبوونی ئەمنییەت و خزمەتگوزاریی پزیشکی، ئەو هەمووە مەترسییەیان بە گیان کڕیوە، کەچی ئێستا لە کارەکەیان وەلا نراون.

لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوونە و چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگای ئێران بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان ناچار بوونە ناڕەزایەتی دەببڕن.