کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ حەوت ملیۆن منداڵی کار لە کارگە و کارخانەکاندا کار دەکەن

10:04 - 17 سەرماوەز 2721

"مستەفا ئیقلیما" سەرۆکی ئەنجوومەنی زانستیی ئاریکاریی کۆمەڵایەتیی ئێران وتی: "ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە لە پێتەخت لەسەر شەقامەکان کار دەکەن بەنیسبەت ئەو منداڵانەی کە لە کارگە و کارخانەکاندا کار دەکەن زۆر کەمترە، چونکە ئەو منداڵانە ئامادەن بە مووچەیەکی کەم کار بکەن".

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، ڕێژەی منداڵانی کار لە ئێران سێ هەتا حەوت ملیۆن کەس بەراورد کراوە و "ئیقلیما" کێشەی ئابووری بە هۆکاری سەرەکیی کارکردنی منداڵان دەزانێت.

ناوبراو وتوویەتی: "ئەگەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە سێ ژەمی خواردنەکەیاندا تەنیا لە هێلکە کەڵک وەربگرن، لە مانگێکدا ٨٠٠ هەزار تمەن پارەیان خەرج دەبێت، لەو دۆخەدا چۆن دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە نەبین کە منداڵان کار نەکەن".

بە زیادبوونی هەژاری لە کۆمەڵگەدا ڕێژەی منداڵانی کاریش زیادی کردووە، بە جۆرێک کە لە کاتژمێر پێنجی بەیانییەوە منداڵان لە کەنارەی ڕێگاکاندا کە هیچ ئەمنییەتێکیان نییە، دەبینرێن کە کار دەکەن.

بەپێی ماددەی ٧٩ی یاسای کاری منداڵان، کارکردنی منداڵی خوارووی تەمەنی ١٥ ساڵ قەدەغە ڕاگەیەندراوە و لە ئەگەری ئەوەیکە کەسێک لەو منداڵانە بۆ کارکردن کەڵک وەربگرێت، دەبێ بەپێی یاسا سزا بدرێت.

کارگە بچووکەکانی دەرەوەی بازنەی یاسای کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، کارگەکانی ژێر پشتیوانیی بنکەکانی خێرخوازی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان، لەو شوێنانەن کە لە منداڵان بۆ کارکردن بە شێوەی نایاسایی کەڵک وەردەگیرێت.

ڕێژیمی ئێران بەشێک لە بەڵێننامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە یاسای کاری منداڵان قەبووڵ کردووە، بەڵام هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی لەو بوارەوە ئەنجام نەداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کار و خۆشبژێویی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران بەپێی پێوەرەکانی ڕێژیم، داهاتیان لە هێڵی هەژاری کەمتر بووە.