کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خاوەنی زۆرترین تووشبووی کادری دەرمانی به کۆرۆنایە

12:54 - 23 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، ڕێکخراوی "لێبوردنی نێونەتەوەیی" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئێران خاوەنی زۆرترین تووشبووی کادری دەرمانی بە کۆرۆنا لە ئاستی جیهان دایە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئێران لە نێوان ٧٩ وڵاتی جیهاندا بە گیان لەدەستدانی ٩١ کادری دەرمانی، پلەی حەوتەمی هەیە.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤیە ڕایگەیاندووە، لە ٧٩ وڵاتی جیهاندا زیاتر لە ٣ هەزار کادر دەرمانی بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئەم ئامارانە فەرمی نین و پێدەچێت ئامارەکان زۆر لەوەش زیاتر بن.

ڕێکخراوی "لێبوردنی نێونەتەوەیی" بەنیسبەت زیانە مرۆییەکان، ئازار، ئەزیەت، هێرش و توندوتیژی دژی کادرە دەرمانییەکان ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتەکان بەرامبەر به پاراستنی گیانی ئەو پزیشک و کادرە دەرمانییانە کەمتەر خەم بوونە و دەبێت لێپێچینەوەیان لێ بکرێت.

"نەسروڵڵا فەتحیان" بەڕێوەبەریی هاوئاهەنگیی ستادی ڕووبەڕووبوونەوەی دژی کۆرۆنا لە مانگی بانەمەڕدا ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کادری دەرمانی و پزیشکی لە ئێراندا بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.