کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دانی بەوەدانا کە هاووڵاتییانی بیانی بە بارمتە گرتووە

14:13 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو وەکوو بارمتە دەیهەوێ ئامانجەکانی خۆی بپێکێ.

"محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە دانیشتنێکدا لە گەڵ "ئەنجومەنی ئاسیا" لە نیۆیۆرک، باسی لە گۆڕینەوەی بارمتەکانی لەگەڵ ئامریکا کردووە و وتوویەتی "ئێمە بە توندی دژی زەخت و گوشارین و ئامادەین بۆ گۆڕینەوەی بارمتەکان".

هەروەها ناوبراو وتوویەتی: "ئێمە شەش مانگ پێش ئێستا ئەو بابەتەمان هێنایە بەر باسەوە بەڵام ئامریکا ڕەتی کردووەتەوە".

زەریف لە کاتێکدا باسی گۆڕینەوەی زیندانییانی ئامریکایی لە ئێراندا کردووە، کە هەرکاتێک باسی ئازادکردنی بارمتەکان هاتووەتە ئاراوە وتوویەتی:" دەزگای دادوەری لە ئێراندا سەربەخۆیە".

لەمبارەوە "ئیدریس هۆرمۆزی" چالاکی سیاسی و کادری حیزبی دێموکرات، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە کە: "لە ڕاستیدا محەممەد جەواد زەریف بەو قسانە دەیهەوێ نیشانی بدات، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، مەیلی دانووستاندن و وتووێژی لەگەڵ ئامریکادا هەیە و بەم شێوازە دەیهەوێ بە ئامانجەکانی خۆی بگات "

ڕێژیمی ئێران مێژوویەکی کۆنی لە بە بارمتەگرتنی شارۆمەندانی بیانی هەیە و لە نموونەی ئەو کردارە دژە مرۆڤانەی دەتوانین ئاماژە بە، بەبارمتە گرتنی ٦٦ دیپلۆماتکاری ئامریکایی لە ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ بکەین کە ٤٤٤ ڕۆژ لە دەستی ڕێژیمدا مانەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا حیزبێک بوو لەو سەردەمەدا کە دژ بەو ئاکارە نامرۆڤانە هەڵوێستی دەربڕی و ئەم کردەوەی ڕێژیمی شەرمەزار کرد.