کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دەبێت بە بەرجام پێبەند بێت

12:09 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سێ وڵاتی ئاڵمان، فەڕانسە و ڕووسیە لە وتووێژێکی سێ قۆڵیدا باسیان لەوە کردووە، کە دەبێت ئێران بە پێبەندبوون بە بەرجام ملکەج بکرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی بانەمەڕ، "ئانگێلا مێرکێل"، سەرۆکی باڵای ئاڵمان، "ئیمانۆوێل ماکرۆن"، سەرکۆماری فەڕانسە و "ڤێلادیمێر پووتین"، سەرکۆماری ڕووسیە، لە وتووێژێکی تەلەفۆنیی سێ قۆڵیدا، بەو ئاکامە گەیشتن، کە ئێران دەبێت ملکەجی پێبەندبوون بە بەرجام بکرێت.

بڕیاری ئەم سێ وڵاتە، بۆ ملکەجکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرجام، پاش ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، سەبارەت بە زیادکردنەوەی چوارقاتیی دەفرایەتیی ئۆرانیۆمی پیتاندراو بوو.

شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران، لە ساڵوەگەڕی چوونەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام ڕایگەیاندبوو، کە بە نیسبەت ڕەچاوکردنی سنوورداربوونی ڕاگرتنی پاشەکەوتەکانی ئۆرانیۆمی پیتاندراو و ئاوی قورس، خۆی بە ئەرکدار نابینێت و بە پێویستی نازانێت ڕەچاوی بکات.

هەروەها، مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژە سەبارەت بە کردەوەییکردنی بەڵێنییەکانی وڵاتانی دیکە، لە بواری بانکی و نەوتییەوە لەو ڕێککەوتننامەدا دانابوو و وتبووی: "ئەگەر جیبەجێیان نەکەن و داواکارییەکانی ئێران کردەیی نەبێت، ڕەچاوکردنی سنوورداربوونی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم و مۆدێڕنکردنەوەی ڕێئاکتۆرەکانی ئاوی قورسی ئەراکیش ڕادەگرن."

بەپێی ئەو پەسندکراوەی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران و ڕەچاونەکردنی سنوورداربوونی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم و مۆدێڕنکردنەوەی ڕێئاکتۆرەکانی ئاوی قورس، ئێران بە بڕیاری خۆی بەرجام پێشێل دەکات، کە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی وڵاتانی دەرەوە.