کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دەبێتە وێنزۆئێلا

16:52 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکدا ئەمڕۆ بڕیاری داوە کە کاڵا زەروورییەکان بە کۆپین بە خەڵک بدرێت.

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، لە نوێترین بڕیاری خۆیاندا بە نیسبەت گرانی و کۆنتڕۆڵی بازاڕی ئێران، بڕیاران داوە کە کاڵا زەروورییەکان بە شێوەی کۆپین بە خەڵک بدرێت.

کۆمیسیۆنی تەلفیقی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش ئەو بڕیارەی پەسند کردووە. هاوکات کابینەی ئیستای ڕێژیم ئەرکدار کراوە کە لە ساڵی ٩٨دا داهاتی هەناردەکردنی نەوت دەبیت بۆ بژیوی ژیانی خەڵک سەرف بکرێت.

کێشە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە جێگای ئەوەیکە چارەسەر بێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و گرانیی کەلوپەل و داخرانی کارخانەکان بەردەوامە.

بارودۆخی شپرزەی ئێران لە ئاستێکدایە، کە تەنانەت پارێزەرانی ئەو ڕێژیمە، بەرجام و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمیش دەبەنە ژێر پرسیار و مایەپووچبوونی ئەو ڕێژیمە بە نێوچاوانی بەدیهێنەرانی ئەو دۆخەدا دەدەنەوە.

کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە خۆیان دان بەوەدا دەنێن، کە بەرجام هیچ سوودێکی نەبووە و تەنیا دروشمێک بووە کە هەندێک لایەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

لەو پێوەندییەدا، محەمەدجەواد زەریف، لە کۆتایییەکانی ساڵی زایینیی ڕابردوودا باسی لەوە کرد: "هەرچەند ئەو بەڵێنانەی کە ئورووپایییەکان بۆ پێشگیری لە کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ئابووریی ئێران دابوویان، ئەگەری زۆر زیاتر لە چاوەڕوانییەکان بێت، بەڵام بابەتەکە تەنیا بە پێبەندبوونی بەڵێنی ئورووپایییەکان و خۆڕاگریی ڕێژیمی ئێران چارەسەر نابێت".

ئێران ئێستا لە دۆخێکی زۆر شپرزەی ئابووریدایە، بە جۆرێک کە نرخی دراوی ئەو وڵاتە زۆر دابەزیوە و نرخی دۆلاری ئامریکا لە بازاڕەکانی ئێراندا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری و بەتایبەتی ژیانی خەڵک داناوە.