کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشانی "تالاسمی" هاوردە ناکرێت

12:22 - 4 سەرماوەز 2721

"یوونس عەرەب" سەرۆکی ئەنجوومەنی "تالاسمیـ"ـی ئێران وتوویەتی، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە کۆی ٢٣ هەزار نەخۆشی "تالاسمی" لە ئێران، ٥٣٧ نەخۆش بەهۆی نەبوونی دەرمان گیانیان لەدەست داوە.

"عەرەب" وتوویەتی، دەرمانی نەخۆشیی "تالاسمی" لە دەرەوە هاوردە ناکرێت و دەرمانەکانی نێوخۆیی تەنیا بەشی ٢٠ لەسەدی نەخۆشەکان دەکات.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز، بەشێک لە نەخۆشانی "تالاسمی" لە شیراز بەنیسبەت هاوردەنەکردنی دوو جۆر دەرمان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

نەخۆشانی "تالاسمی" باس لەوە دەکەن کە درمانەکانی نێوخۆیی هاوشێوەی ئەو دوو دەرمانە لێکەوتەی خراپیان هەیە و ناتوانن کەڵکیان لێ وەربگرن.

"عەرەب" وتوویەتی: "ئەو دەرمانانە لە دەرمانە سەرەکییەکانی نەخۆشانی تالاسمین و نەخۆشانی ئێمە هەتا ئێستا بە کەڵکوەرگرتن لەو دوو دەرمانە توانیویانە هەتا ٢٢ ساڵ تەمەن بکەن، دەنا لە باشترین حاڵەتدا هەتا پازدە ساڵ دەتوانن ژیان بکەن".

پێشتر "حەیدەر محەممەدی" بەڕێوەبەری گشتیی دەرمان و ماددەی ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیم وتبووی، شیرکەتی بەرهەمهێنەری  دەرمانی "دسفڕاڵ" تەنیا بۆ ئێران ئەو دەرمانە بەرهەم دەهێنیت دەنا لە جیهاندا بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە بەگشتی تەواو بووە.

"یوونس عەرەب" وتەکانی ناوبراو ڕەت دەکاتەوە و وتوویەتی: "ئەو شیرکەتە وتوویەتی ئێمە بەپێی پێویستیی وڵاتان ئەو دەرمانە بەرهەم دەهێنین و هیچ داواکارییەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە ئەنجام نەدراوە".