کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران سەرچاوەی هەموو قەیران و کاولکارییەکانی وڵاتی سووریەیە

11:43 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەزیری ڕاوێژکاریی پاشا عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاندووە، کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران سووریە بەجێ بهێڵێت، قەیرانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبن.

ڕۆژی پێنجشەممە ۲۳ی ڕەشەمە، وەزیری ڕاوێژکاریی پاشا عەرەبستانی سعوودی، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی یارمەتیدەری وڵاتی سووریە، لە برووکسێلی پێتەختی وڵاتی بلژیکدا، لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە: تەنیا ڕێگاچارەی سەرجەم قەیرانەکانی وڵاتی سووریە، هاتنەدەرەوەی ڕێژیم ئێران و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمەیە لە سووریە.

لەم پەیوەندییەدا هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە: ڕێژیمی سەرەڕۆی ئاژاوەگێڕی ئێران خەریکی دروستکردنی مووشەکی زەوین بە زەوین لە وڵاتی سووریەیە و کاروباری ئاژاوەگێڕانەی خۆی لە ڕێگای دروستکردنی کەرەستە سەربازییەکانەوە زیاتر پەرە پێ دەدات.

لەم بارەوە سەرچاوەیەکی هەواڵگریی و زانیاریی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی ڕەشەمە، ڕایگەیاندبوو: وێنە نوێیە ماهوارەییەکان دەرخەری ئەوەن کە کۆمپانیایەکی نوێ لە باکووری سووریە خەریکی دروستکردنی مووشەکی زەوین بە زەوین (ssm)ـە.

پێشتریش کاناڵی ۲ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو: بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئاژاواگێڕی ئێران و گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی حکوومەتی بەشار ئەسەد، لە شاری "سافیتا"ـی سووریە، خەریکی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی دروستکردنی مووشەکی خاڵپێک و (ssm)ـن.