کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ قوتابییانی بلیمەت خوازیاری چوونە دەرەوە لە وڵاتن

10:27 - 24 جۆزەردان 2722

وێڕای ئەوەی کە ڕێژەی کۆچکردنی خوێندکارانی شارەزا و بلیمەتی زانکۆکان لە ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوە زیادی کردووە، ئێستا قوتابییانی بلیمەتی قوتابخانەکانیش خوازیاری چوونە دەرەوە لە وڵاتن.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان ڕۆژنامەی "ڕساڵەتـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە چاپی خۆیدا بە هێنانەوەی هەندێک بەڵگە باسی لە زیادبوونی کۆچکردنی بژاردە و بلیمەتەکانی کۆمەڵگە بۆ وڵاتانی دەرەوە کرد و وتی: "جیا لە بژاردەکانی کۆنکووری سەرتاسەری و ئۆلەمپیادی زانستی، قوتابییانی ژیر و هەڵکەوتوو بۆ درێژەدان بە خوێندن، ئێران بەجێ دێڵن".

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها باسی لەوە کردووە کە گەڕانەوەی ڕێژەیەکی زۆری بلیمەتەکان بۆ نێوخۆی ئێران دوورە لە ڕاستی و کۆچی لەڕادەبەدەری بلیمەتەکان زەبری لە چینی خوێندەواری کۆمەڵگە داوە.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم، زیاتر لە ٤٠ لەسەدی مامۆستایان، خویندکاران، توێژەران، پزیشکان، پەرستاران و چالاکانی ئێستێرتاپی لە بوارە جیاوازەکاندا بەهۆی بوونی کێشە و گرفتی زۆر، مەیلی چوونەدەرەوە لە ئێرانیان هەیە.

برەوپەیداکردنی ئەو ڕەوتە لە داهاتوودا دەتوانێت ئێران لەگەڵ کەمیی بوونی هێزی مرۆیی کارا و لێهاتوو بەرەوڕوو بکاتەوە.

"مەیسەم لەتیفی" سەرۆکی ڕێکخراوی ئیداری و دامەزراندنی ڕێژیم وتوویەتی: "نیزامی ئیداریی ئیران لە حاڵی بەتاڵبوونەوە لە کەسانی بلیمەتە" و هۆکاری ئەو کێشەیەشی بۆ نەڕەخساندنی هەلی پێویست بۆ دەرخستنی توانای بلیمەتەکان گەڕاندووەتەوە.