کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری خۆشبژێوی لە نێوان ١٦٧ وڵاتی جیهان لە پلەی ١١٩دا جێی گرتووە

18:13 - 8 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەیی "لگاتۆم" لە لەندەن کە وڵاتانی جیهان لە بواری پێوەری خۆشبژێوییەوە پۆلێنبەندی دەکات، ئێران لە نێوان ١٦٧ وڵاتی جیهان لە پلەی ١١٩دا جێی گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەیی "لگاتۆم" لە لەندەن کە وڵاتانی جیهان لە بواری پێوەری خۆشبژێوییەوە پۆلێنبەندی دەکات، لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئێران لە نێوان ١٦٧ وڵاتی جیهان لە پلەی ١١٩دا جێی گرتووە و ڕەوتی داکشانی ئابووری لە ئێران درێژەی هەیە.

بەپێی ئەم پۆلێنبەندییە، ئێران لە پێوەری ئەمنییەتدا پلەی ١٣١، ئازادییە تاکە کەسییەکان پلەی ١٦٣، دەسەڵاتداری پلەی ١٣٨، سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان پلەی ١٢٩، لە نێوان ١٦٧ وڵاتدا جێی گرتووە.

هەروەها لە پێوەری فەزای سەرمایەگوزاری پلەی ١٢٦، دۆخی بەشداری پلەی ١٤٩، دەستپێڕاگەیشتن بە بازاڕ و ژێرخانەکان ١١٠ و لە پێوەری بەرابەریی ئابووری لە پلەی ١٠١دا جێی گرتووە.

لە دوایین پۆلێنبەندیی ئەم دامەزراوەیە کە سەبارەت بە بواری گوزەرانی خەڵکە، لە پێوەری دۆخی ژیان  پلەی ٧٣، لەشساغی پلەی ٨٨، فێرکاری پلەی ٧١ و لە پێوەری ژینگە پلەی ١٥٢ی هەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٢ پلە لە بواری پێوەری خۆشبژێوی دابەزیوە.

دامەزراوەی توێژینەوەیی لگاتۆم ئاستی خۆشبژێویی لە وڵاتانی جیهاندا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو وڵاتانە لە هەشت بواری سەرەکی واتە  ئابووری، دەرفەت و هەلی کار، دەسەڵاتداری، فێرکاری، لەشساغی، تەناهی و دڵنیایی، ئازادیی تاک و سەرمایەی کۆمەڵایەتی تاوتوێ دەکات.