کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری لەسێدارەدانی منداڵان، لە پلەی یەکەمی جیهاندایە

11:38 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نزیک بە سی ساڵە کە ڕێژیمی ئێران لە بواری لەسێدارەدانی منداڵان، لە پلەی یەکەمی جیهاندایە

حکوومەتی ڕێژیمی ئاخوندیی داسەپاو بە سەر وڵاتی ئێران و نەتەوەکانی جوگرافیای ئەو وڵاتەدا، ساڵانە زیاتر لە سەدان کەس لە لاوان، مێرمنداڵ و منداڵانی نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی کوردستان، بە تۆمەت و بیانووی جۆراجۆر وەکوو: دژایەتیکردنی ڕێژیم، بیروڕای جیاواز لەگەڵ ڕێژیم، نیشتمانپەروەری لە ئاست نەتەوە و نیشتمانی خۆیاندا و هتد، لە سێدارە دەدات کە بەم هۆکارەشەوە لە ئاستی جیهاندا لە پلەی یەکەمدایە.

لەم بارەوە، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ۱۹۹۰ی زایینی (۱۳۶۹ی هەتاوی)، تاکوو ئەمڕۆ، ۹۷ کەسی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵی لە سێدارە داوە و ئەم ڕێژەیەش دوو/سێهەمی ئاماری لەسێدارەدانی منداڵان و مێرمندڵانی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵ لە جیهاندا دەکات و بەم هۆکارەشەوە، لەو بوارەدا وڵاتی ئێران نزیک بە سی ساڵە لە ئاستی جیهاندا پلەی یەکەمی هەیە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە ساڵی ۱۹۹۰ی زایینی (۱۳۶۹ی هەتاوی) تاکوو ئەمڕۆ، ۱٤۵ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵ لە ۱۰ وڵاتی جیهاندا لە سێدارە دراون و لەم بارەشەوە وڵاتی ئێران لە پلەی یەکەمدایە. هەروەها ئەو وڵاتانەی کە لەو ماوەیەدا منداڵان و مێرمنداڵانی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵیان لە سێدارە داوە، بریتین لە: ئێران، چین، کۆنگو، نیجریە، پاکستان، عەرەبستانی سعوودی، سوودان، سوودانی باشوور، ئامریکا و یەمەن.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا، وێڕای ئاماژەدان بە ئیدانەکردن و ڕەتکردنەوەی لەسێدارەدانی کەسانی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵ لە لایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤەوە هاتووە: لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا، وڵاتی ئێران تەنیا وڵاتێکی جیهان بووە کە کەسانی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵی لە سێدارە داوە و لانیکەم حەوت مێرمنداڵی لە سێدارە داوە.

جیا لەو ئامارانەی کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ لەسێدارەدانی کەسانی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵ لە ماوەی ئەو ساڵانەدا و بەتایبەت لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زاییندا ئاماژەی پێ کردووە کە ئامارە نافەرمییە بڵاوکراوەکان بوون، لە ڕاستیدا ئامارەکان زۆر زیاتر لەوانەن کە بڵاو کراونەتەوە و ڕێژیمی سێدارە زۆربەی ئەو کەسانە بە نهێنی لە سێدارە دەدات، یان بێسەروشوێنیان دەکات و ئامارەکان بڵاو ناکاتەوە.

بەپێی یاساکانی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی منداڵان، کە سەر بە ناوەندی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ڕێژیمی ئێرانیش واژۆی کردووە و ئەندامی ئەو کۆنوانسیۆنەیە، لەسێدارەدانی منداڵان و مێرمنداڵانی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵ ڕەت کراوەتەوە و نابێت بە بیانووی هیچ تاوانێکەوە تاکوو تێپەڕبوون لە  ۱۸ ساڵ، سزای سێدارە بە سەریاندا بسەپێندرێت.