کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری پێوەری ئازادیی ئابووری لە نێوان ١٧٧ وڵات پلەی ١٧٠ی هەیە

10:59 - 27 رێبەندان 2721

دامەزراوەی ئامریکایی ''هێرێتەیج'' لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە پێوەری ئازادیی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ بەنیسبەت ساڵی پێشووتر ٤.٨ پلە دابەزیوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان بڵا وبووەتەوە، ئێران لەنێوان ١٧٧ وڵاتی جیهان لە بواری پێوەری ئازادیی ئابووری پلەی ١٧٠ی هەیە و لەو بوارەوە قانی ٤٢.٤ی هەیە.

ئێران لە دوای وڵاتانی کۆرەی باکوور، ڤێنێزۆئێلا، کۆبا، سودان، زیمباوە، بوروندی و ئیریترە خراپترین دۆخی ئازادیی ئابووری لە نێوان ١٧٧ وڵاتدا هەیە کە دامەزراوەی ''هێرێتەیج'' دۆخی ئەوانی تاوتوێ کردووە.

ئەو دامەزراوە ١٢ پێوەری بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادیی ئابووری وڵاتان لەبەر چاوگرتووە؛ یەک لەوان ئازادیی سەرمایەگوزارییە کە ئێران لەو بوارەوە قانی ٥ی هەیە، لە حاڵێکدا کە نێونجیی قانی جیهانی ٥٧ـە.

هەروەها قانی ئێران لە بواری ئازادیی ماڵیی ١٠یە. لە حاڵێکدا کە نێونجیی جیهانی ئەو پێوەرە ٤٩ هەڵسەنگێندراوە.

لەنێوان ئەو ١٢ پێوەرە، دۆخی ئێران لە بواری مافی خاوەندارییەتی، کاریگەربوونی دادوەری، بەڵێنی و ڕاستگۆیی دەوڵەت زۆر لەو خوارەوەی نێونجیی جیهانییە.

لە ڕاپۆرتەدا هاتووە خەڵکی ئێران بەپێی یاسا مافی خاوەندارییەتی و پێکهێنانی پێشەی تایبەتیان هەیە، بەڵام ڕێکخراوی بەهێزی وەکوو سپا پاسداران کێبڕکێ و دەرفەتی خوڵقاندنی کاری بەرتەسک کردووەتەوە و دەزگای دادوەریش لەژێر دەستی "وەلی فەیهـ"ـدایە و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی ئیداری بەهۆی کاڵکاژۆی بەڕێوەبەری، گەندەڵیی بەربڵاو و بەرتیلخواردن بەرتەسک بووەتەوە و دژایەتی لەگەڵ ئەو دیارەدانە سەرکوتی بەدواویە .

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوەیە باشترین وڵاتان لە بواری ئازادیی ئابووری ''سەنگاپوور، سویس، ئیرلەند و نیوزلەند''ن.