کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری کوالێتیی ڕێگاوبانەوە پلەی ٧٧ی جیهانی هەیە

11:20 - 29 خەزەڵوەر 2721

کوالێتیی ڕێگاوبانەکانی وڵاتانی جیهان لەلایەن کۆڕی جیهانیی ئابوورییەوە هەڵسەنگێندراوە و لەم بوارەوە ئێران لەنێوان ١٤١ وڵاتی جیهان پلەی ٧٧ی هەیە.

لە حاڵێکدا کە ئێران یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە، لە بواری کوالێتیی ڕێگاوبانەوە بەنیسبەت وڵاتانی لەحاڵی گەشەی ناوچەکە زۆر لە دواترە و ساڵانە ئەم ڕێگاوبانە ناستانداردانە گیانی هەزاران هاووڵاتی دەستێنێت.

لەم ڕیزبەندییەی کۆڕی جیهانیی ئابوورییەدا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پلەی هەشت، عەمان پلەی دە، قەتەر پلەی شازدە، بەحرەین پلەی ٢٥ و عەرەبستان پلەی ٢٩ی جیهانیان هەیە.

وێڕای ئەوەی کە ئێران بەگشتی خاوەن ڕێگاوبانێکی باش و ستاندارد نییە، ڕێگاوبانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەنیسبەت شوێنەکانی تری ئێران زۆر ناستاندارد و بێ کوالێتیترە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕێگاوبانانە بە "ڕێگاکانی مەرگ" بناسرێن.

ساڵانە سەدان ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگاکانی کوردستان ڕوو دەدەن و سەدان هاووڵاتی گیانیان لەدەست دەدەن، بەڵام ڕێژیمی ئێران هاوشێوەی بابەتەکانی تر، هیچ گرینگییەک بە خزمەتگوزاری لە ناوچە کوردییەکان نادات.