باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە داوای کردووە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرانبەر بە قسەکانی سەرۆکی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل بەنیسبەت هێرش بۆ سەر ئێران هەڵویستیان هەبێت.
یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندان، بڵاوی کردووەتەوە "مەجید تەخت ڕەوانچی" باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نامەیەکدا بۆ "ئانتۆنیۆ گۆترێش" و سەرۆکی دەورەیی ڕێکخراو، بەنیسبەت قسەکانی "ئاڤیڤ کۆخاوی" سەرۆکی ستادی ئەرتشی ئیسرائیلەوە لە پەیوەندی لەگەڵ "گەڵاڵەکانی هێرش بۆ سەر ئێران" هۆشداریی داوە.
"تەخت ڕەوانچی" لە نامەکەی خۆیدا جەختی کردووەتەوە: "ئیسرائیل لەم دواییانەدا نە تەنیا دەربڕینە شەڕەنگێزانەکەی خۆی دژ بە ڕێژیمی ئێران زۆرتر کردووەتەوە، بەڵکوو چالاکانە خەریکی بەرنامەداڕشتن بۆ هەوڵەکانی خۆی دژ بە ئێرانە".
ناوبراو لەدرێژەدا وتوویەتی هەر چەشنە چالاکییەکی نیزامیی ئیسرائیل دژ بە ئێران یان هەر چەشنە هەڕەشە یان کردەوەیەکی نادروست وڵامی شێلگیری ئێرانی بەدواوە دەبێت.
سەرۆکی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل لە پەیوەندی لەگەڵ ئەگەری گەڕانەوەی ئامریکا بۆ بەرجام بە دەوڵەتی "بایدنـ"ـی وتبوو کە ئیسرائیل بەرنامەگەلێکی نوێی دیکەی بۆ هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ئەوساڵدا هەیە.
کۆخاوی ڕایگەیاندبوو کە فەرمانی بە فەرماندە ئەرتشەکانی داوە کە لە ئەمساڵدا، گەڵاڵەگەلێکی عەمەلیاتیی نوێ جگە لە گەڵاڵەکانی پێشتر بۆ هێرش بۆ سەر ئێران ئامادە بکەن.