کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە جیهاندا، پلەی ٩ی لە بواری ڕێژەی زیندانییانەوە هەیە

13:18 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: مافناسێکی ئێرانی، سەبارەت بە زۆربوونی ڕێژەی زیندانییان لە ئێراندا، باسی لەوە کردووە کە سزای زیندانیکردن، زۆرترین سزایە کە لە ئێراندا بە سەر مەحکووماندا دەسەپێت.

"عەبدولسەمەد خوڕەمشاهی"، مافناس و پارێزەر، لە لێداوانێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "هەمدێلی"، لە وڵامی ئەم ڕۆژنامەیەدا سەبارەت بەوەی کە وڵاتی ئێران لە بواری ڕێژەی زیندانییانەوە، لە پلەی نۆهەمی جیهاندا جێگای گرتووە، وتوویەتی: "هۆکاری ئەم زۆربوونەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرترین سزای داسەپاو بە سەر تاوانباران لە ئێراندا سزای زیندانیکردنە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرچەند لە یاسادا باس لە سزا جێگرەوەکان کراوە، بەڵام لە لایەن بەناو دادوەرانی ڕێژیمەوە، ڕەچاو ناکرێت.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای بڕیاری دەزگای دادوەریی ڕێژیم بۆ بەکارهێنانی سزای جێگرەوە، دادوەرەکانی ڕێژیم سزا جێگرەوەکان بەکار ناهێنن و زۆرتر سزای زیندانیکران بۆ تاوانباران دیاری دەکەن؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژەیەکی زۆر لە تاوانباران، بەهۆی سووکیی تاوانەکانیانەوە باشترە کە سزای جێگرەوەیان بۆ دیاری بکرێت.

ئەم مافناسە باسی لەوە کردووە کە لە یاسای ئێراندا زۆر شت وەکوو تاوان دیاری کراون و ڕایگەیاندووە کە کەمتر وڵاتێک وەکوو ئێران هەیە کە بەو ڕادەیە تاوانی تێدا پێناسە کرابێت.

"خوڕەمشاهی" سەبارەت بە ئەگەری کەمبوونەوەی ڕێژەی زیندانییان لە داهاتوودا وتوویەتی: "لە ڕاستیدا ئامانج لە سزادان، دروستکردنی گۆڕان لە تاوانبارەکەدایە، بەڵام بەم شێوازه و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە زیندانەکانی ئێراندا، هیچ تاوانبارێک گۆڕانی بەسەردا نایەت".

وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەیەکی بەرچاو زیندانیی سیاسیشی تێدایە، هەرچەند کە بەرپرسانی ڕێژیم نکۆڵی لەم ڕێژەیە دەکەن، بەڵام بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە هەواڵدەرییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، ئەو ڕاستییە بە ڕوونی دەردەکەوێت.

ڕاگرتنی تاوانباران لە زیندانەکاندا، جیا لەوەی کە هیچ گۆڕانێکی ئەرێنی لە تاکدا دروست ناکات، ڕیژەیەکی زۆر لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو جیابوونەوە، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی و زۆربوونەوەی گەندەڵیی ئیخلاقی و بە دەیان کێشەی دیکەش بەدوای خۆیدا دێنێت.