کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ساڵی ٩٨دا ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار و ناخوش دەبێتەوە

12:37 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی زانکۆ باسی لەوە کردووە، لە ساڵی ٩٨ی هەتاویدا، بە هۆی کێشە نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی نێوخۆیی، دۆخێکی دژوار و نالەبار لە ئێراندا پێک دێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ٤ خاکەلێوە، ''محەممەدقولی یووسفی''، ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی عەلامە تەباتەباییی تاران، باسی لەوە کرد، کە دۆخی ئابووریی ئێران دڵخواز نییە و دۆخێکی ئاسایی لە ئێراندا جێگیر نابێت.

یووسفی، باسی لەوە کرد، دابەزینی توانای کڕینی خەڵک، بەرزبوونەوەی هەژاری و بێکاری و نەبوونی سەرمایەدانەر، وەکوو گرینگترین قەیرانی ئابووریی ئێران ئەژمار دەکرێن، کە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هیمەتێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشانه نەبووە و قەیرانی ئابووری تێکەڵ بە قەیرانی ئەمنییەتی دەبێت.

یووسفی هەروەها باسی لەوەکرد، مەندی و هەڵاوسانی ئابووری ئێرانی تەنیوە و ژمارەی یەکە بەرهەمهێنەرە داخراوەکان ڕوژ لەگەڵ ڕۆژ زیاد دەبێت و نرخی هەڵاوسان بەپێی ئاماری بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران پتر لە ٢٦ لەسەدە و بە هۆی هاتنەدەری ئامریکا لە ڕێکەوتنی بەرجام و دابەزینی داهاتی نەوت بە هۆی گەمارۆوەکانەوە، هیچ سەرمایەدانەرییەک ئەنجام نادرێت و دانی بوودجەی پرۆژەکان لە سەرچاوە ماڵییە نێوخۆیییەکان ڕاوەستاوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویی، بە ساڵی ''گەشەی بەرهەمهێنان'' (رونق تولید)، ناودێر کردووە و هەموو دامەزراوە و ناوندە حکوومەتییەکانی بە هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی نێوخۆیی بانگهێشت کردووە؛ بەڵام ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوە کردووە، لە ساڵی ٩٨دا، بە هۆی کێشە نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی نێوخۆیی، دۆخی دژوار و نالەبار لە ئێراندا پێک دێت.