کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ساڵی داهاتوودا تووشی قاتوقڕی دەبێت

10:32 - 19 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران دەڵێت، ئەگەر بتوانن ئەمساڵ بەو ڕێژەیە کە دیارییان کردووە نەوت بفرۆشن، ڕەنگە بتوانن پارەی پێویست بۆ هاوردەکردنی کاڵای خەڵک لە ئەمساڵدا دابین بکەن.

پێشبینییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی ١٤ میلیارد دۆلار ئەرزی پێویست بۆ هاوردەکردنی دەرمان و خۆراک سەرکەوتوو نەبووە.

هەناردەکردنی ئێستای نەوتی ڕێژیم لە گەشبینانەترین حاڵەتیشدا ناتوانێت کێشەی ئەرزیی ڕێژیم بۆ دابینکردنی خۆراک قەرەبوو بکاتەوە.

"عەباس پاپێی ‌زاده"، ئەندامی کۆمیسیۆنی جووتیاریی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی ئەزری پێویست بە ئاکام ناگات، مەگەر ئەوەی کە پەنا بۆ بەرهەمهێنانی نێوخۆیی ببەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە گرانبوونی نرخی دۆلار لە سەرەکیترین هۆکارەکانی دەستپێڕانەگەیشتنی خاوەن کارگە و کارخانەکان بە ماددە سەرەتاییەکان بۆ درێژەدان بە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی بە ئەژمار دێت و بەم پێیە خەڵکی ئێران دەبێ چاوەڕوانی قاتوقڕی لە داهاتوویەکی نزیکدا بن.