کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە قەیرانەکاندا پەنا بۆ حەشدی شەعبی دەبات

13:15 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی دەریایی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکی فەرمی لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا، باسی لە یارمەتییەکانی حەشدی شەعبی بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای خووزستان کردووە.

پاسدار عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریاییی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لەم لێدوانەدا وێڕای ئاماژه بە دوایین دۆخی یارمەتیگەیاندنەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە ناوچە لافاولێدراوەکان وتوویەتی: "ئێمە بینەری یەکەمین ئەزموونی بەسیجکردنی هێزی دەریاییی سپا لە لافاوی خووزستاندا بووین، زیاتر لە ١٠٠ مەلەوەر (شناور) و بەلەمی شەڕکەر هاتن و بەگشتی ٣٠٤ مەلەوەر(شناور)مان لەم ناوچەیەدا بڵاوە پێ کرد.

ئەم پاسدارە تێرریسته هەروەها وتوویەتی: "٨ مەلەوەر(شناور) لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ئێران نێردراوە؛ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە کاتی شەڕی داسەپاودا لەگەڵ ئێمە و لە بەرانبەر هێزەکانی بەعسدا شەڕیان دەکرد".

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایه، که لە کاتە قەیراناوییەکاندا و لەوانە بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووی شاری سەرپیڵ لە پارێزگای کرماشان و لە لافاوەکەی ئەمساڵیشدا، ئیزنی ناردنی یارمەتی لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناوچە لێقەوماوەکانی ئێران نەدەدرا، نموونەی بەرچاوی ڕاگرتنی یارمەتییەکانی باشووری کوردستان بۆ خەڵکی لێقەوماوی لوڕستان بوو کە لەسەر سنوور پێشی پێ گیرا.

ڕێژیمی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ پتەوکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ هێزە تێرۆریستەکان هەوڵ دەدات و ئەمجارەش تەنانەت پاش بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، دەست لەو کردەوەیە هەڵ ناگرێت و پاڵپشتی لە تێرۆریزم دەکات و هەروەها بە شێوەیەکی فەرمی باس لە هاتنی هێزی حەشدی شەعبی و هەروەها یارمەتییەکانین بۆ ئێران دەکات.