کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە مافی خانەخوێیی کێبڕکێکانی فووتباڵی ئاسیا بێبەش کرا

11:28 - 28 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی کۆنفێدراسیونی فووتباڵی ئاسیا وتوویەتی، ئێران ناتوانێت لە مافی خانەخوێیی کێبڕکێکانی خولی نایابی ئاسیا کەڵک وەربگرێت. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ نەبوونی ئەمنییەت گەڕاندراوەتەوە.

کۆمیتەی کێبڕکێکانی کۆنفێدراسیونی فووتباڵی ئاسیا بڕیاری داوە کە کێبڕکێی نێوان تیمەکانی فووتباڵی ''ئیستقلالی تاران'' بەرامبەر بە تیمی "ئەلکویەت'' و هەروەها  ''پەدیدەی مەشهەد" بەرامبەر بە ''ئەلرفاعـ''ـی بەحرەین، لە وڵاتێکی بێ لایەندا بەڕێوە بچێت.

ئەم بڕیارەی "AFC"، دەبێ لەلایەن کۆمیتەی کارگێڕیی کۆنفێدراسیۆنی فووتباڵی ئاسیا تەئید بکرێت، ئەگەر تەئید کرا کێبڕکێکانی ئەم تیمانە لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوە دەچێت.

هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە گەڕاندراوەتەوە کە لە ئێراندا ئەمنییەت نییە و ئەو وڵاتە لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە.

لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، یانەکانی فووتباڵی وڵاتانی ئاسیایی ڕوو لە ئێران ناکەن و تیمەکانی ئێرانیش دەبێ وڵاتێکی دیکە بۆ خانەخوێیی بناسێنن.

بە سەرنجدان بە دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و کێشەی ماڵی تیمەکانی فووتباڵی ئێران، ئەم بڕیارە، فووتباڵی ئێرانی تووشی کێشەیەکی زیاتر دەکات.

هەندێک لە بەرپرسانی ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەم بڕیارەی کۆنفێدراسیونی فووتباڵی ئاسیا، داوایان کردووە کە تیمەکانی فووتباڵی ئێران لە کێبڕکێکانی خولی نایابی ئاسیا بکشێنەوە، بەڵام ئەم بڕیارە سزای ئینزباتیی بەدواوە دەبێت.