کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ لە ماوەی دە ڕۆژدا نزیکەی ٥ هەزار کۆرپەڵە لە شەقامەکاندا فڕێ دراون

18:26 - 6 جۆزەردان 2722

محەممەدڕەزا مەحبووب‌فەڕ، لێکۆڵەری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا، نزیکەی ٥ هەزار کۆرپەڵە لە سەرتاسەری ئێران لە شەقامکاندا فڕێ دراون.

ناوبراو بە پشتبەستن بە ئامارێک کە لە ناوەندە دەرمانی و یاریدەدەرە کۆمەڵایەتییەکان وەریگرتووە، باسی لەوە کردووە کە ڕۆژانە لەنێوان ٢ هەزار هەتا ٢٥٠٠ ئاوەلەمە لەبار دەبرێن یان دوای لەدایکبوون لە شەقامەکاندا فڕێیان دەدەن.

لەمبارەوە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا دانی بەوەدا نابوو کە ڕۆژانە هەزار ئاوەلەمە لە ئێران لەبار دەبرێن.

"محەممەدڕەزا مەحبووب‌فەڕ" کە ئەندامی ئەنجومەنی زانستیی فێرکاریی تەندروستیشە، بەرزبوونەوەی ئاماری لەباربردنی ئاوەلەمە و فڕێدانی کۆرپەڵەکانی بە لێکەوتەکانی سیاسەتی "پشتیوانی لە بنەماڵە و جوانیی حەشیمەتـ"ـی خامنەیی زانی و وتوویەتی: "پێداویستییەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی لە بەردەستی ٤٠ ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران نەماوە".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیەوێت بە ئامانجی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی "خامنەیی" بە هەر شێوەیەک بووە حەشیمەتی ئێران ببەنە سەرەوە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران لەگەڵ دەیان قەیران بەرەوڕووە و زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.