کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ڕیزبەندی ئازادیی میدیاکان لە پلەی ١٧٣دا جێی گرت

10:35 - 3 بانەمەڕ 2720

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئێران لە نیوان ١٨٠ وڵاتی جیهان، پلەی ١٧٣ی لە بواری ئازادیی میدیاکاندا هەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە دووتۆی ڕاپۆرتێکدا، ''پێوەری ئازادیی میدیاکانی لە جیهانـ''ـدا بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان، پلەی ١٧٣ی لە بواری ئازادیی میدیاکاندا هەیە.

ئێران ساڵی ڕابردوو، پلەی ١٧٠ی هەبوو، بەڵام ئەمساڵ پلەی ١٧٣ی هەیە، واتە دۆخی ئازادیی میدیا لە  ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ڕێژیمی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین سەرکوتی تێدایە و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو، ٨٦٠ ڕۆژنامەوان زیندانی یان ئێعدام کراون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا گوشارەکانی خۆی بۆ سەر میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان بۆ دەرەوەی سنوورەکان پەرە پێداوە و تەنانەت میدیا نێونەتەوەییەکانیشی کردووەتە ئامانج.