کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ڕیزبەندی چوار وڵاتی داڕماوی ئابووریی جیهاندایە

11:23 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئێران لە ڕیزبەندی چوار وڵاتی داڕماوی ئابووری و قەیرانی دارایی لە جیهاندا تۆمار کراوە.

ئێستیو هانکەی، کارناسی ئابووری لە ئامریکادا، ساڵانە ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی ئابووریی وڵاتانی جیهان بڵاو دەکاتەوە، لە ڕاپۆرتی ئەو کارناسە ئابوورییەدا کە لەسەر بارودۆخی ئابووریی وڵاتانی جیهان لە ئەمساڵدا بڵاو کراوەتەوە، وڵاتانی وێنێزۆئێڵا، ئارژانیتین، ئێران و برزیل، وەک چوار وڵاتی داڕماوی ئابووری و قەیرانی بوودجە و دارایی لە جیهاندا تۆمار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی بەشی فارسیی دەنگی ئامریکا، ئێستیو هانکەی، بە بڵاوکردنەوەی لیستەی ڕیزبەندی ئابووریی وڵاتانی جیهان، وتوویەتی: "لە هەر وڵاتێکدا ئەگەر ڕەخساندنی هەلی کار زۆر بێت، ئەو وڵاتە ئابوورییەکی بەهێزی دەبێت و بە وڵاتێکی شاد دەناسێنرێت، هەروەها بەپێچەوانەوە ئاوسانی ئابووری و داهاتی کەمی وڵاتەکان دەبێتە هۆکاری خەم و خەفەتی خەڵکی ئەو وڵاتە و بە وڵاتێکی خەمبار دەناسێنرێت".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: وڵاتی تایلەند و مەجارستان، لە ڕیزبەندی یەکەم و دووهەمی لیستەکەدان و خاوەنی بارودۆخێکی باشی ئابووریی نێوخۆیی وڵاتەکانیان و هەروەها وڵاتانی وێنێزۆئێلا، ئارژانتین، ئێران و برزیل، کە لە نێوخۆی وڵاتەکانیاندا بارودخێکی داڕماوی ئابووریی خراپ و قەیرانی دارایی و بوودجەیان هەیە، لە ڕیزبەندی چوار وڵاتی داڕماوی ئابووریی لە جیهاندا تۆمار کراون.

وڵاتی ئێران کە بە یەکێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرچاوە سروشتی و سووتەمەنییەکان لە جیهاندا هەژمار دەکرێت و لە ڕیزبەندی سێ وڵاتی ئەندامی ئۆپێکەدایە، بە هۆی نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم و کاریگەریی گەمارۆی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەتایبەتی ئامریکا بۆ سەر ئێران، قەیرانە نێوخۆییەکان و گرانی و ئاوسانی ئابووریی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داڕماوتر دەبێت و گوشارەکانی سەر خەڵکی وڵاتی ئێران زۆرتر ‌پەرە دەستێنێت.

سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی گوشاری گەمارۆوەکانی سەر ئێران، بارودۆخی نالەباری ئابووری و گرانی لە ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە پەرەسەندایە و خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی ئێران، بەتایبەتی چینی هەژار گوشارێکی یەکجار زۆریان لەسەرە و ئێران بە وڵاتێکی برسی هەژمار دەکرێت، بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران حاشا لە ڕاستییەکان و گوشارەکانی سەر خەڵک دەکەن.

وێڕای برسییەتی خەڵکی ئێران و گوشارە ئابوورییەکان لەسەر هەژاران و گرانبوونی خواردەمەنی و خوراکییەکان لە ئێراندا، ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران، بە مەبەستی پەرەپێدانی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی و پاڵپشتیکردن لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش، جیا له یارمەتی ماڵی و داراییی ئەو ڕێکخراوانە، ساڵانە هەزاران میلیارد دۆلار خەرجی چالاکی تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕیی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات.