کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە کاردانەوە بە گەمارۆکانی ئورووپا وتووێژەکانی هەڵدەپەسێرێت

13:30 - 24 خاکەلێوه 2721

دوای ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا ٨ بەرپرس و ٣ دامەزراوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەهۆی ئەوەی کە لە سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکانی ٩٨دا ڕۆڵیان هەبووە، تەحریم کرد، کاردانەوەی توندی ڕێژیمی ئێرانی بەدواوە بوو.

''سەعید خەتیب زادە'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بەو هەوڵەی یەکیەتیی ئورووپا، وتووێژە هەمەلایەنەکان لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و هەموو هاوکارییەکان هەڵدەپەسێرێت".

ناوبراو وتوویەتی، ئەم گەمارۆیانە بە مەبەستی سیاسی دانراون و کۆماری ئیسلامی ئەو گەمارۆیانە بە بێ بایەخ دەزانێت.

هەروەها ''سەعید خەتیب زادە'' باسی لەوە کردووە کە ئێران لە کاردانەوە بەو هەوڵەی یەکیەتیی ئورووپا، گەمارۆ بۆ سەر یەکیەتیی ئورووپا تاوتوێ دەکات کە بیانخاتە بواری جیبەجێکردنەوە.

یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە ناوی ٨ کەس لە بەرپرسانی دادوەری و نیزامیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها سێ بەندیخانەی بەهۆی سەرکوتی بێبەزەییانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ لە ئێران، خستووەتە نێو ڕیزی گەمارۆکانی خۆیەوە.

''حوسێن سەلامی'' فەرماندەی سپای پاسداران، ''غولامڕەزا سلێمانی'' بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی موستەعزەفان و ''محەممەد پاکپوور'' فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران لەو کەسانەن کە ناویان خراوەتە نێو ڕێزی گەمارۆکانەوە.