لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی شیرکەتێکی ئەمنیەتی سایبێریی ئیسرائیل دەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازەکانی پێشکەوتووی سایبێریی، دژبەران و کەمایەتییەکانی چەندین ساڵە خستووەتە ژێر چاوەدێری و زانیارییان لێ دەدزێت.
ئەم لێکۆڵینەوەانە پیشان دەدەن کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای هەککردنی سایبێری توانیویانە کە زانیاریی نێو موبایل و کامپیوتێری خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە، لانیکەم لە ١٢ وڵات، بە تایبەت ئەو ئامانجانەی کە خۆی دەسنیشانیان دەکات، بدزێت.
شیرکەتی ''چێک پۆینت'' ئاکامی دوو لێکۆڵینەوەی خۆی بە هاوکاری گرووپی توێژینەوەی ''سفبریچ'' ئەنجام داوە.
ئەم شیرکەتە ئاشکرای کردووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ لەداوخستن ، بەرەبەرە شیوازەکانی ئاڵۆزتر کردووە و بە بەکارهێنانی تکنیکی نوێ هەوڵ دەدات بە ئامانجەکانی خۆی بگات.
ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای نەرمەئامێرە خراپەکان، وێبلاگ، پەیامنێرەکان، بڵاوکردنەوەی بابەتە تێلێگرامییەکان و دانلۆدکردنی لینکەکان بۆ وەدەستهێنانی زانیاری کەڵک وردەگرێت.
شیرکەتی ''چێک پۆینت'' باسی لەوە کردووە، دژبەرانی ڕێژیمی ئێران یەک لەوانه کوردەکان لە چەند وڵاتی دیکەدا بوونەتە قوربانیی بێئاگایی سایبێریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.
''یانیو باڵماز'' بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی سایبێریی شیرکەتی "چێک پۆینت'' وتوویەتی، بەڵگەکان پیشان دەدەن کە ڕێژیمی ئێران سەرمایەگوزارییەکی لەڕادەبەدەری بۆ گەشەی عەمەلیاتی سایبێری تەرخان کردووە.