کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ منداڵانی یەک تا پێنج ساڵە بۆ "کەڵکاوەژووی سێکسی" دەفرۆشرێن

11:36 - 25 خاکەلێوه 2722

"ئاتێنا دائێمی" چالاکی مافی منداڵان و زیندانیی سیاسیی پێشوو لە ئێران وتوویەتی: "لە زینداندا هەندێک مافیا و تاوانبارم ناسی کە خەریکی فرۆشتنی منداڵانی یەک هەتا پێنج ساڵەن و هیچ کەسیش پێشیان پێ ناگرێت".

بە وتەی ناوبراو ئەو منداڵانە بە مەبەستی "سێکس" و "فرۆشتنی پەردەی بێکارەت" بە کەسانێکی بە تەمەن دەفرۆشران و دواتر ئەو منداڵانە لە شەقامەکاندا ئازاد دەکران. زۆربەی ئەو کەسانەی خەریکی ئەو کارە بوونە کەسانێکی کارمەند و لە بەناو ڕۆشنبیرەکان بوونە. ئەو کەسانە سەرەڕای تاوانێکی وا قورس دوای چوار مانگ زیندانی دیسانەوە ئازاد دەکران.

ناوبراو زیادی کردووە، ئەو کەسانەی سەرقاڵی ئەم کارە بوونە لە زیندانەکانی "قەرچەک، وەرامین و لاکانـ"ـدا بوونە. تاوانباران بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ٢ هەتا ٣ ملیۆن تمەن پارەیان وەرگرتووە. ئەو منداڵانەی دەبوونە قوربانیی ئەو تاوانانە منداڵانێکی بێ دایک و باوک بوونە کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەفرۆشران.

"ئاتێنا دائێمی" باسی لەوەش کردووە، قاچاخچییەکان بۆ دۆزینەوەی موشتەری بە دڵی موشتەرییەکانیان منداڵانیان دزیوە و دواتر ئەو منداڵانە بە کامیۆن و وانێتبار لە ئاستی شاردا فرۆشراون. ئەو تاوانبار و قاچاخچییانە سەرەڕای ئەوەیکە چەندین جار لەسەر ئەم کارە دەسبەسەر کرابوون بەڵام زۆر ئاسان لە زیندان ئازاد دەکران.

لە ڕێژیمی ئێراندا یاسایەکی پتەو بۆ پشتیوانی لە منداڵان نییە و تەنانەت ئەو کەسانەی بازرگانی بە منداڵان دەکەن سزای قورسیان بۆ نابڕدرێتەوە.