کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دژ بە ڕێژیم لە زۆربەی شارەکان بەردەوامە

12:07 - 25 بانەمەڕ 2722

ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دژ بە ڕێژیم لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوامە و خەڵک دژی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دروشم دەدەن.

"بروجێرد" لە پارێزگای "مەشهەد"، "هەفشنجان" لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، شاری "ئەهواز" و شارۆچکەی "کاروان" لە تاران و... لەو شارانە بوون کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان لێ بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕ لە شاری "هەفشنجان" لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری خەڵک ڕژانە سەر شەقام و  بە دانی دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" بنێری "ئیبراهیم ڕەئیسیـ"ـیان سووتاند، دواتر هێزەکانی پایەگای بەسیج بە تەقەکردن و هەڕەشەکردن بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە.

هەروەها ئێوارەی ڕۆژی شەممە خەڵک لە شاری "ئەهواز" ڕژانە سەر شەقام و وێڕای دروشمدان بنێری "عەلی خامنەییـ"ـیان سووتاند.

لە "نەیشابوور" لە ڕۆژهەڵاتی ئێران خەڵک دژ بە گرانییەکان و دۆخی خراپی ژیان ڕژانە سەر شەقام و دژی ڕێژیم و خامنەیی دروشمیان دا.

لە "بروجێرد" و "قووچان" لە پارێزگای خوراسان خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ڕژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵ هەڕەشە و تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.

لە کوردستان بە گشتی و بەتایبەت لە شارەکانی سنە، مەهاباد، شنۆ و جوانڕۆ ڕێژیم لە ترسی هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان حکوومەت نیزامییان بەڕێوە بردووە و هێزەکانی ڕێژیم بەردەوام بە نێو شارەکاندا دەسووڕێنەوە.