کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان بەردەوامە

11:06 - 26 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی دەرکراوی شێرکەتی "نەوەرد لوولە"ی شاری "ئەهواز" دژ بە دەرکرانیان لەو شیرکەتە لە بەردەم پارێزگاریی "ئەلئەحواز" کۆ بوونەوە و داوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان کردووە.

ئەو کرێکارە خۆجێییانە ٥ تا ١٥ ساڵ پێشینەی کارییان هەیە و زیاتر لە پەنجا کەسیان بەبێ هیچ هۆکارێک لەسەر کار دەر کراون.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان کۆمەڵێک لە سەهامدارانی ماڵخوراوی بازاڕی دراو لە بەردەم دەزگای دادی ڕێژیم لە تاران کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕازییان داوای چارەسەرکردنی کێشەی دانانی نرخی سەهام و لادانی ئەو بەربەستانەیان کردووە کە بووەتە هۆی زەرەر و زیانگەیاندن بە ئەوان.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە  کرێکارانی گرووپی میللیی شیرکەتی "پۆڵا"ی شاری "ئەهواز" لەمەڕ بەدوادانەچوون بۆ داواکانیان، بۆ دووەم  ڕۆژ دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و لە بەردەم پارێزگاری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.