کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ ناڕەزایەتیی کامیۆندارەکان و کرێکاران لە چەندین ناوچە بەردەوامە

12:17 - 31 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە، کۆمەڵێک لە خەڵکی گوندی "سەراوان" لە پارێزگای ڕەشت، کۆمەڵێک کرێکاری فەزای سەوزی شارەداریی "ڕۆبات کەریم"، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەشی خەدەماتی شارەداریی ناوچەی دووی نەیشابوور، گرووپێک لە ماڵخوراوانی شیرکەتی ماشین لە تاران لە بەردەم فەرمانداری و شورای شار و دەفتەری پەیوەندییەکانی بەشی دادوەریی ڕێژیم لە شار و پارێزگاکانی خۆیان کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها کرێکارانی زانکۆی ئازادی مەشهەد لە بەردەم بینای زانکۆی ئەو شارە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی کاشیی ئیسفەهان لە بەردەم بینای پارێزگاری، ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی پاراستن و خەدەماتی ئەمنی لە بەردەم بینای وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لە تاران، ژمارەیەک لە کرێکارانی وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لەنێو وەزارەتخانەکەدا، لەبابەت بوونی کێشە و خراپیی دۆخی ژیانیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای پێڕاگەیشتن بە دۆخی خۆیانیان کردبوو.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی "مەسجد سولەیمان" لە بەردەم بینای ناوەندی ئەو شیرکەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو کرێکارانە لەبابەت بڕیاری ئەو شیرکەتە لەسەر شیفتی کاریی ٨ کاتژمێری ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای کاری بەردەوامی ١٢ کاتژمێرییان کردووە.