کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ نرخی پێداویستییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبێت

12:55 - 21 بانەمەڕ 2722

بە دوای بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و نانی سەنعەتی و لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕەئیسی هەواڵیان لە دابینکردنی نانی خۆماڵی بە شێوەی کارتی و جیرەبەندی لە جیاتی دابینکردنی یارانەی مەعیشەتی دەدا، "ئەحمەد وەحیدی" وەزیری نێوخۆی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە نرخی مریشک، هێلکە، شیرەمەنی و ڕۆن بەرز دەبێتەوە.

لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆ مریشک ٦٤ هەزار تمەن و نرخی یەک شانەی هێلکەش بووەتە ٩٨ هەزار تمەن.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەحمەد وەحیدی لە بەرنامەیەکی تەێلێڤیزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە هەندێک پێداویستی وەکوو مریشک، هێلکە، شیرەمەنی و ڕۆن گران دەبن، بەڵام ئیدعای ئەوەشی کردبوو کە نرخی هیچ پێداویستییەکی دیکە گران نابێت و کەس ناتوانێت هیچ شتێک گران بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوە و بە پێچەوانەی قسەکانی وەحیدی چەندین پێداویستیی دیکەی ڕۆژانەی خەڵک وەکوو نووشابە و دۆ نرخیان بەرز بووەتەوە.

سەرانی ڕێژیم لەبابەت گرانیی نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک هەر یەکە و قسەیەک دەکەن و سەرەڕای ئیدعاکانی ئەوان ڕۆژ بە ڕۆژ گرانیی زیاتر گوشار بۆ خەڵک دەهێنێت.