کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هیچ بەڵگەیەکی سەبارەت بە بوونی بنکەی "موساد" لە هەولێر نەبووە کە ڕادەستی بەرپرسانی عێراقی بکات

13:25 - 27 خاکەلێوه 2722

شاندێکی حکوومەتی عێراق کە بۆ وەرگرتنی بەڵگەكانی بوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەولێر سەردانی ئێرانیان كردبوو، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نەبووە کە ڕادەستی ئەو شاندەی بکەن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ''باسنیوز'' ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی ئێرانیان كرد و لەگەڵ ''ئیبراهیم ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران كۆ بوونەوە.

ماڵپەڕی ''باسنیوز'' نووسیویەتی: "شاندەكەی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە ئەو سەردانە بە تایبەت بۆ وەرگرتنی ئەو بەڵگانە بووە كە ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە بانگەشەی بۆ دەکات کە هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) لە هەولێری پێتەختی هەرێمی كوردستاندا بنكەی هەیە، بەو هۆیەوە هێرشی مووشەکییان بۆ سەر هەولێر کردووە".

لەو سەردانەدا شاندی عێراقی بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان وتووە، ئەگەر هەر بەڵگەیەكیان لەسەر بوونی بنكەی موساد لە هەولێر هەیە، پێیان بدەن تاوەكوو لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، بەڵام ڕێژیمی ئێران هیچ بەڵگەیەكی لەسەر بوونی بنكەی موساد لە هەولێر نەبوو، بۆیە هیچ بەڵگەیەكیان بە شاندەكە نەدا، ئەو مووشەكبارانەش تەنیا دەستدرێژی بووە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان.

بەربەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران چەند شوێنێكی شاری هەولێریان بە بیانووی بوونی بنکەی ئیسرائیل بە ١٢ مووشەک کردە ئامانج.