کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەرزانبازاڕی عێراقییەکان

12:23 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی بێنرخ بوونی دراوی ئێرانی ڕۆژانە هەزاران کەس بۆ کڕینی شتومەکی سەرەکی، لە عێراقەوە ئاودیوی ئێران دەبن.

محەممەد شەفیعی، فەرمانداری مەریوان، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە لە سنوورەکانی باشماخی مەریوان، لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕۆژانە ٢ هەزار و ٣٠٠ کەس بۆ کڕینی شتومەکی سەرەکی، ڕوو لە بازاڕەکانی مەریوان دەکەن و خەڵکی ئەو شارە لەگەڵ کەمبوونەوەی شتومەک بەرەوڕوو دەکەنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کە هاتووچۆی خەڵکی عێراق بۆ مەریوان لە سنووری باشماخ لەم ڕۆژانەدا، بێوێنە بووە و بۆ کڕینی شتومەکە سەرەکییەکان بەیانی دێنە نێو مەریوان و دوای کڕینەکانیان، هەر لەو ڕۆژەدا دەگڕێنەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، وتوویەتی: ئەو هاتووچۆوە ڕۆژانەیە، بازاڕەکانی مەریوانی تووشی قەیران کردووە، بە شێوەیەک کە وڵامدەری داواکاریی خەڵکی ئەو شارە نییە و دانیشتووانی مەریوان بێبەش بوونە لە شتومەکی سەرەکی.

ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕی ئەرز و بێبایەخ بوونی تمەن، وای کردووە کە خەڵکی عیراق، لەو سنوورانەی کە نزیکە بە شارەکانی ڕۆژهەڵات، بە دۆلار و دینار کە نرخیان بە نیسبەت تمەنەوە زۆر لەسەرن، ڕوو لەو شارانە بکەن و بە پارەیەکی کەم، شتومەکێکی زۆر بکڕن.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی هەواڵێک کە بە دەست ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لەم ماوەدا خەڵکی شاری بەسرەش بە لێشاو بۆ کڕینی شتومەکی هەرزان ئاودیوی شارە سنوورییەکانی لە باشووری ئێران دەبن و بە نرخێکی کەم شتومەکەکانیان سەرەکییەکانیان دابین دەکەن.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش کە لە قەیرانی ئابووریدان و لە هەژاری بەسەر دەبەن، لەگەڵ کەمیی پێداویستییە سەرەکییەکان بەرەوڕوو دەبن و لەوپەڕی هەژاریدا ناچارن تەنیا چاو لە خاڵیبوونی ئەنبارەکان بکەن.