کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەوڵێکی نوێ بۆ پێشێلکردنی بەرجام ئەنجام دەدات

13:01 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، داوای لە ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکان کردووە تا سەردانی چالاکییە نوێیەکانیان لە دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراکدا بکەن.

ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە هەوڵێکی نوێدا، ڕوونوێنیی لە چالاکییە نوێیەکانی لە دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک کرد و هەروەها لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ڕاگەیاندنە گرووپییە نێوخۆییەکان کرد تا بۆ چاوپێکەوتنی ئەو چالاکییە نوێیانە، سەردانی ئەو دامەزراوەیە بکەن.

ئەو ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "هەروەها کە پێشتر نوێنەری ڕاگەیاندنە گرووپییە نێوخۆیەکانمان لە پرۆسەی چالاکییەکانی دامەزراوەی نەتەنز ئاگادار کردبووەوە، ئەمجارەش نوێنەری ڕاگەیاندنەکان لە هەوڵە نوێیەکانی ڕێکخراوی وزەی ناوکی لە دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک ئاگادار دەکەینەوە و هەنگاوی دووەمی کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی ڕێکەوتننامەی ناوکی ڕادەگەیەنین."

بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، بۆ ئێران ڕێگەپێدراوە کە پیتاندن تا ئاستی ٣.٧٦ لەسەد تەنیا لە دامەزراوەی نەتەنزدا درێژە پێ بدات و ڕێژەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتە، نابێ لە ٣٠٠ کیلۆ زیاتر بێت. بۆ پاشەکەوتی ئاوی قورسی ئێرانیش ڕێژەی ١٤٣ تۆن دیاری کراوە.

ڕێژیمی ئێران پاش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە و بێهیوابوونی بە یەکیەتیی ئورووپا، لە دوو هەنگاودا، هەوڵی کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی ڕێککەوتننامەی ناوکیی داوە کە پێشێلکردنی بەشێک لە بەرجام بە هەژمار دێت.