کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە کۆتایی بە ڕێککەوتنی ئەم دواییانە لەگەڵ ئاژانسدا دێنێت

12:55 - 9 رەشەمه 2720

"ڕۆیتێرز" دەریخستووە کە نامەیەکی ئێرانی دەست کەوتووە کە لەودا هەڕەشەی لە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی کردووە کە ئەگەر لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممە پشتیوانی لە ڕەشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی ئامریکا دژ بە چالاکییە ناوکییەکانی تاران بکەن، ئەوە ئێرانیش کۆتایی بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسدا دێنێت.

"ڕۆیتێرز" ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکدا کە بۆ وڵاتانی ئەندام لە شۆرای حۆکامی ناردووە نووسیویەتی، ئێران ئەو هەوڵانە بە ڕووخێنەر دەزانێت و ئەوە وەکوو کۆتایی پێهێنان بە ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەم دواییانەی ئاژانسی وزەی ناوکی و ئێران لەبەرچاو دەگیردرێت".

ڕێژیمی ئێران لەو نامەیەدا نووسیویەتی کە ئەو هەوڵانە لە پەیوەندی لەگەڵ بەرجام دەبێتە هۆی "ئاڵۆزیی زیاتر".

"بلۆمبێرگ" نووسیویەتی، دیپلۆماتە ئامریکاییەکان بەڵگەیەکیان بڵاو کردووەتەوە کە ناڕەزایەتی و داواکارییەکانی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران لەپێناو هاوکاریی تەواو لەگەڵ چاوەدێرانی ئاژانس نیشان دەدات.

بڕیارە شۆرای حوکام حەوتووی داهاتوو لە ڤییەن بەڕێوە بچێت تا ڕاپۆرتەکانی بەرپرسانی ئاژانس سەبارەت بە چوونەسەرەوەی بەرهەمهێنانی وزەی ناوکی و دۆزینەوەی زەڕڕاتی ئورانیۆم لە سایتە ڕانەگەیەندراوەکانی ئێراندا تاوتوێ بکەن.