کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئامریکا

13:32 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی ڕۆیتێرز زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ئامریکاییەکان، ئێران بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئامریکا دەزانن.

ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، بە ڕێکخستنی ڕاپرسییەک، کە لە ڕێکەوتی ١٧ تا ٢٥ی مەی، لە سەرتاسەری ئامریکا بەڕێوەی بردووە، دەریخستووە کە ٥٣ لەسەدی ئامریکاییەکان ئێران بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئامریکا دەزانن، کە ئەم ژمارەیە لە مانگی ژووئییەی ساڵی ڕابردوودا ٤٧ لەسەد بووە، کە هەڵکشانی ٦ لەسەدیی بە خۆ بینیوە.

کۆمەڵگای ئاماریی ئەو ڕاپرسییە، لە ٣٣٧ کەس دێموکرات و ٣١٣ کەس کۆماریخواز پێک هاتبوو، کە سەدا چواریشیان بەهەڵە بۆ ئەو ڕاپرسییە هەڵبژێردرابوون.

لەو ڕاپرسییەدا، بەنیسبەت هەڵویستە توندەکانی ترامپ لە بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ٤٩ لەسەدی ئەو کەسانەی کە پرسیاریان لێ کراوە، شێوازی هەڵسوکەوتی ترامپ لەگەڵ ئێرانیان ڕەت کردووەتەوە، کە لەو ڕێژەیەش ٣١ لەسەدیان بە توندی دژ بە شێوازی ترامپ بوونە و بەگشتی سەدا ٣٩ کەسیش هاوڕای سیاسەتەکانی ترامپن.

لە پێوەندی لەگەڵ هاتنەدەرەوەی واشێنگتۆن لە بەرجام، ٦١ لەسەدی ئامریکاییەکان هەروا پشتیوانی لە بەرجام دەکەن.

هەروەها لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا لە ماوەی ڕابردوودا، سەدا ٦٠ی ئامریکاییەکان دژی دەسپێشخەریی ئامریکا بۆ هێرشکردن بۆ سەر ئێرانن و لە بەرانبەردا ١٢ لەسەد ئەو حاڵەتە پەسەند دەکەن.

بەو حاڵەشەوە، سەدا ٧٩ی ئەو کەسانە وتوویانە: ئەگەر ئێران هێرش بکات، ئامریکاش دەبێ لە بەرانبەردا هێرش بکاتەوە سەری و سەدا ٤٠ کەس لەگەڵ هێرشی سنوورداری ئاسمانی هاوڕان و ٣٩ لەسەدیش پشتیوانی لە هێرشی بەتەواو مانا دەکەن.

لەو ڕاپرسییەدا ٥١ لەسەدی تاکەکان وتوویانە: کە بەڕای ئەوان، لە چەند ساڵی داهاتوودا ئامریکا دەکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، کە ئەم ژمارەیە بە نیسبەت ساڵی ڕابردووەوە ٨ لەسەد زیادی کردووە.

ڕۆیتێرز باسی لەوە کردووە، کە کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکان کە لەو ڕاپرسییەدا بەشدار بوون، بە شێوەی هاوبەش، ڕێژیمی ئێرانیان بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئامریکا زانیوە و باسیان لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە نێوان واشنگتۆن و تاران کردووە.