کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ئامریکا بەرەو کوێ؟

12:42 - 24 بەفرانبار 2719

عەلی سۆرانی

پاش وەشاندنی گورزی گورچکبڕی کوشتنی تێرویست قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس، زۆر کەس پێیان وابوو، شەڕێکی گەورە دێتە ئاراوە و هەندێ کەسیش بە ئاشکرا باسیان لە شەڕی سێهەمی جیهانی دەکرد.

بەڵام دوای مووشکبارانە فەرمایشی و ناسەرکەوتووەکەی سپای پاسداران، بە شێوەیەکی کردەیی، گرژی و ناکۆکییەکانی ئێران چوونە فازێکی دیکەوە کە تەنیا ئاکامەکەی دۆڕاندنی ئێران دەبێت و بەس.

پاش نەمانی تێرۆریست سلێمانی، بەدڵنیاییەوە ناوچەکە یەک تۆز ئارامتر دەبێتەوە، دوای فەشەڵ هێنانی سارووخەکانی سپاش، هەموو لایەنێک دەزانن کە ئێران ئەو هێزە نییە کە لەم ساڵانەدا هەر خەریکی هاژە و هووژە بووە. ئێران نە لەباری چەکوچۆڵ و نە لەباری سەربازییو هەواڵگرییەوە، پیشانی دا هەرگیز توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئامریکا نییە.

ئەگەر بەم هاوکێشەیە، خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەشی پێ زیاد بکەین، بە ئاسانی ڕوون دەبێتەوە کە سیستمی دژە مووشەکی و قەڵغانیی بەرگریی ئاسمانیی ئێران چەندە ناکارامە و بێ کەڵکن.

لەم قومارەدا، سلێمانی وەک هەیمەنە و شکۆی کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی تێداچوو و ئامریکا نەک تووشی تەنگەژە نەبوو، بەڵکوو سەلماندنی لەباری هەواڵگریی سەربازییەوە لە چ ئاستێکی بەرزدایە.

بۆیە لەمە بەدوا، هەر چەشنە هەوڵێکی تێکدەرانەی کۆماری تێرۆر لە بەرامبەر ئامریکادا، بێ وڵام نامێنێتەوە و لەمە بەدواش سپای پاسداران تەنانەت لەنێو لایەنگرانیشدا، ئەو قورساییەی نامێنێ کە ساڵانێکی دوور بانگەشەی بۆ دەکرد.

لە ڕۆژانی داهاتوودا و ڕاگەیاندنی گەمارۆوە نوێیەکان و تەنگ هەڵچنینی زیاتر بە کۆماری تێرۆر و دەست و پێوەندییەکانی، گەمەی نێوان ئێران و ئامریکا، دەچێتە بردنەوەی یەک لایەنە بە قازانجی ئامریکا و خۆبەدستەوەدانی پاڵەوانانە لەلایەن ئێرانەوە.

لە هەموو گرینگتر شەپۆلی دووهەمی ناڕەزایەتییەکان کە دوای دانپدانانی سپا بە جینایەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە دەستی پێکردەوە، لە بنەمادا دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە خەڵکی چیدیکە ئەم ڕێژیمە دژی گەلییەیان ناوێت و شێواز و جۆری دروشمەکان، ئەمەمان پیشان دەدن کە مەبەستی خەڵک تەنیا و تەنیا ڕووخان و نەمانی ئەم ڕێژیمەیە، نەک چاکسازی کە هەندێ لایەنی نێوخۆیی دەسەڵات و هەندێ بەناو ئۆپۆزێسیۆن بانگەشەی بۆ دەکەن. هەر بۆیە ئەو هەموو هەزینەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ کەلاکی سلێمانیی تێرۆریست کردی و ئەو هەموو پڕوپاگەندە، بە ۆی بێزاریی خەڵک لە تەواوییەتی ئەم سیستمە بوو بە بڵقی سەر ئاو و بۆ هەمووان دەرکەوت کە ئەم ڕێژیمە هیچ جۆرە ڕەواییەکی نییە.

لەم حاڵەتدا، ئێمەی کورد دەبێ زۆر بە وریاییەوە لەگەڵ بارودۆخەکە مامەڵە بکەین و زیاتر لە هەر قۆناغێکی دیکە هاوهەڵوێست، یەکدەنگ و یەک گوتار بین.

بەهەر شێوە، ڕەوتی ڕووداوەکان لە داهاتوودا بە تەواوی بۆمانی ڕوون دەکەنەوە کە ئێران لە کوێی پازڵی نوێی ناوچەکەدا جێ دەگرێ و ئێمەی کوردیش چۆن دەتوانین لەتکێکی گرینگ و تەواوکەری ئەو پازڵە بین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.