کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕێککەوتنی ٣مانگەیان واژۆ کرد

12:42 - 4 رەشەمه 2720

سەرۆکی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنیان کردووە کە تا ٣ مانگی داهاتوو ڕێژەی دەستپێڕاگەیشتنی چاوەدێرانی ئاژانس بە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران کەم دەبێتەوە، بەڵام چاوەدێری و لێکدانەوەی ڕاستیبوونی زانیارییەکان درێژەی دەبێت.

"ڕافائێل گرۆسی" سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمە پاش گەڕانەوەی لە تاران لە فڕۆکەخانەی ڤییەن بە هەواڵنێرانی وت کە بەپێی ڕێککەوتنی نوێ، بە شێوەی کاتی و بە ماوەی ٣ مانگ "ڕاستی‌ئازمایی" فەنی لە حاڵەتگەلێکی دیاریکراودا و چاوەدێریگەلی پێویست بەسەر چالاکییەکانی ئێراندا ئەنجام بدرێت.

ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی دیکە کردووە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، بۆ ماوەی ٣ مانگ زانیاریی دووربینەکانی دامەزراوە ناوکییەکان کە لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێکراوە هەڵدەگیرێت و لەلای ئێران دەمێنێتەوە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، لەو ماوەیەدا ئاژانس هیچ دەستپێڕاگەیشتنێکی بە دامەزراوەکان و زانیاریی دووربینەکان نابێت و زانیارییەکان تایبەتی لەلای ئێران دەمێنێتەوە، ئەگەر پاش ٣ مانگ گەمارۆکان بە شێوەی تەواو هەڵگیران، ئێرانیش زانیارییەکان دەداتە ئاژانس دەنا بۆ هەمیشە زانیارییەکان دەسڕدرێنەوە.