کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ بەهۆی گرانیی کرێی خانوو، هەندێک لە هاووڵاتییان خێوەت هەڵ دەدەن

10:55 - 25 سەرماوەز 2721

هەندێک لە کرێچییەکان لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری کرێی خانوو، ناچار بوون لە سەربان و لەسەر شەقامەکان، خێوەت هەڵ بدەن و تێیدا ژیان بەسەر بەرن.

بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ لەلایەن خاوەن خانووەکەیەوە دەر کراوە و لەسەر شەقامدا خێوەتی هەڵ داوە. ئەو کرێچییە سێ ڕۆژە لەلایەن خاوەن خانووەکەیەوە دەر کراوە و بە ناچاری کەلوپەلی نێو ماڵەکەی لە کۆڵاندا فڕێ داوە و خۆی و چەند کەسێکی خێزانەکەی لە خێوەتێکدا لەسەر شەقام دەژین.

لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کە لە شاری ئیلام تۆمار کراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت خێزانێک لە خێوەتدا دەژین.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی زیادبوونی بەردەوامی گوشارە ئابوورییەکان، ئەو دیمەنانە ڕۆژ بە ڕۆژ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەستیان پێ دەکرێت. 

ڕێژیمی ئێران دوو ساڵە بڕیاری داوە نەهێڵێت ساڵانە کرێی خانوو لە تاران ٢٥ لەسەد و لە شارە گەورەکان ٢٠ لەسەد و لە شارە بچووکەکانیش لە ١٥ لەسەد زیاتر بێت؛ بەڵام ئەو بڕیارە نەتەنیا جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان، نرخەکان زیاتر لە ١٠٠ لەسەد بەرز بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو لە تاران ٧٠ لەسەد، لە شارە گەورەکان ٥٠ لەسەد و لە شارە بچووکەکانیش ٤٢ لەسەد بووە. هەروەها هەر خێزانێکی دانیشتووی تاران ٦٢ لەسەد، دانیشتووی شارە گەورەکان ٥٤ لەسەد و دانیشتووی شارە بچووکەکانیش ٤٣ لەسەدی داهاتی خۆیان بۆ کرێی خانوو تەرخان کردووە.